مەسرور بارزانی: دواخستنی مووچەی فەرمانبەران بۆ گوشارخستنە سەر هەرێمی كوردستانە



سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان داوا لە حكومەتی عێراق دەكات “پابەندی بەڵێنەكانی بێت” و ڕایدەگەیەنێت، بۆ شایستەكانی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق.

مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە 28هەمین خوولی ئاهەنگی دەرچووانی زانكۆی دهۆك لە وتارێكدا ڕایگەیاند، چاومان لەوەیە دەرچووانی زانكۆ بیرۆكەی داهێنەرانە بدەنە حكومەتی هەرێم، چونكە هەرێمی كوردستان لە قۆناغی گەشەسەندن و پێشكەوتندایە.

ڕاشیگەیاند، هەموو هەوڵێكمان داوە مافەكانی خەڵكی كوردستان بپارێزین، بەڵام گوشارەكان لەسەر هەرێمی كوردستان زۆر زیاتر بوون لە جاران.

وتیشی، “بۆ دابین كردنی شایستەكانی خەڵكی كوردستان لە پەیوەندی بەردەوامدام لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆیە هیوادارین حكومەتی عێراق پابەندی بەڵێنەكانی بێت و چاوەڕێین هەرێم مافەكانی بۆ دابین بكرێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، سوپاسی خۆڕاگری خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكەین و دواخستنی مووچەی فەرمانبەران بۆ گوشارخستنە سەر هەرێمی كوردستانە، تاوەكو واز لە مافە دەستوورییەكانی خۆی بهێنێت.

سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و فەلەستین وتی، “ئەگەر سامان و تواناكان بە باشی ئیدارە بدرێن، ئەوا ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دەبێتە پێشكەوتووترین ناوچەی جیهان، بۆیە داواكارین كۆتایی بە شەڕ بهێنرێت و خەڵكی سڤیل بپارێزرێت”.

جەختیشی كردەوە، كە مەترسی تەشەنەسەندی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و وتیشی، “كورد لە هەمووان زیاتر زیانی لە شەڕ و ئاڵۆزی بینیوە”.

سەعدی پیرە: یەكێتی و پارتی هاوڕان كێشەی مووچە بە سیاسی نەكرێت
پێشت سەعدی پیرە: یەكێتی و پارتی هاوڕان كێشەی مووچە بە سیاسی نەكرێت
مەسرور بارزانی: بەردەوام دەبين لة باشتركردنی خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی
دواتر مەسرور بارزانی: بەردەوام دەبين لة باشتركردنی خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی
ەیوەندیدار