بەهۆی کاریگەری ناوچەیەکی پەستان نزمی دەریای ناوەڕاست و هاتنی بڕێک شێی دەریای سوور شەپۆلێكی باران بارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە و شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت: “ئەمشەو لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان بەفر دەبارێت”.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ئێستادا ئاسمانی ھەرێمی كوردستان و ناوچەكە بەشێوەیەكی گشتی گۆڕاوە بۆ ھەورێكی تەواوی نزم و بارانێكی كەم و پچڕ پچڕ لەھەندێ ناوچەدا ھەیە.
ڕاشیگەیاند، لەكاتەكانی ئێوارەی ئەمڕۆ تا بەرەبەیانی سبەی لەم مەودایەدا ڕێژەی بارانبارینەكە زیاتر ئەبێت بەشێوەی بارانێكی لەسەرخۆ و مامناوەند لە زۆربەی ناوچەكاندا.
ئاماژەی بەوەشكرد، ناوچە شاخاویەكان بارانێكی زۆرتریان ئەبێت لەگەڵ بەفر بارین لەناوچە شاخاوییە سنوورییەكاندا.