سیروان بارزانی: لەگەڵ سوپای عێراق ڕێککەوتین



پێشمەرگە و سوپای عێراق کێشەی سەنگەرەکانی چیای قەرەچوغیان چارەسەرکرد و جەختیشیان لە هەماهەنگی نێوانیان کردەوە.

سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری مەخمور ڕایگەیاند، بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی سەنگەرەکانی چیای قەرەچوغ بە یاوەری سوپاسالاری پێشمەرگە و چەند فەرماندەیەکی دیکەی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ شاندی سوپای عێراق کە لە سوپاسالاری عێراق، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و چەندین ئەفسەری باڵای دیکەی سوپای عێراق پێکهاتبوون ئەنجام دا.

ڕوونیشێکردەوە کە شاندی هەردوولا بەشێوەی مەیدانی ئەو شوێنانەیان بەسەرکردەوە کە شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق تێیاندا ڕوویدا.

سیروان بارزانی ڕایگەیاند “هەر دوولا گەیشتینە ڕێککەوتنێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردن و دیاریکردنی خاڵە نوێیەکان لە چیای قەرەچوغ و جەختیش لە هەماهەنگی بەردەوام کرایەوە”.

ڕۆژی 22ی مانگی ڕابردوو لەسەر کۆنترۆڵکردنی چەند سەنگەرێكی چیای قەرەچوغ شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ڕوویدا و بە هۆیەوە فەرماندەی لیوای 18ی پێشمەرگە و جێگرەکەی و ئەفسەرێکی دیکە و پێشمەرگەیەك لەگەڵ دوو سەربازی سوپای عێراق گیانیان لەدەستدا.

شەڕەکە لەسەر کۆنترۆڵکردنی چەند سەنگەرێك دروست بوو کە بەسەر کەمپی پەنابەرانی باکووری کوردستان لە مەخموردا دەروانن و لەلایەن هێزەکانی پەکەکەوە چۆڵ کرابوون.

تورکیا بوونی پەکەکەی لەو سەنگەرانە کردبووە پاساوی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کە ناوبەناو بۆ سەر کەمپەکە ئەنجامی دەدان، بەو هۆیەشەوە پەکەکە بڕیاری دا لە سەنگەرەکان بکشێتەوە.

بەشێک لە پارەی مووچەخۆران گەیشتە هەرێم
پێت بەشێک لە پارەی مووچەخۆران گەیشتە هەرێم
لە ماوەی مانگێکدا ئێران ٧٨ کەسی لە سێدارەداوە
دوات لە ماوەی مانگێکدا ئێران ٧٨ کەسی لە سێدارەداوە
پەیوەندیدر