نوێنەری هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی عێراق ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق بڕیاری لەسەر خەرج كردنی مووچەی هەردوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دا و لەماوەیەکی نزیکدا دەست بەکاردەبن.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆی هەرێم لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕایگەیاندووە، سەبەرەت بە دەستبەکاربوونی هەردوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق، وەزیری دارایی حکومەتی عێراق واژۆی لەسەر خەرج کردنی مووچەکانیان کردووە و لەماوەیەکی نزیکدا چەند ڕێکارێک ماوە تەواو دەکرێن و دەستبەکاردەبن.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو دوو لیوایە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەو شوێنانەی بۆشایی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە دابەش دەکرێن و جێگیر دەبن و پارێزگاری لێ دەکەن.
جەختیشی كردۆتەوە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەو ناوچانە و سوود و دەستکەوتێکی گەورەش دەبێت بۆ پاراستنی کورد لە ناوچەی سەرگەڕان، دوبز، مەخموور و ناوچەکانی دیکەی کوردنشین.