شەڕی ئیسرائیل و غەززە بەردەوامی هەیە، بەردەوام ئاماری قوربانیانی غەززە لە زیادبوونە، پێویستە کورد وریاتر مامەڵەبکات و خۆی لەم شەڕەوە نەگلێنێت.
نزیکی مانگێکە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامی هەیە، دەوڵەتە عەرەبییەکان زۆرینەیان بە ڕاستەوخۆیی پاڵپشتی فەڵەستینییەکان ناکەن، بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان بووەتە خاڵی سەرکییان و نایانەوێت خۆیان لە شەڕەکەوە بگلێنن.
لە هەرێمی کوردستان هاوسۆزییەکی بەهێز بۆ فەڵەستینییەکان هەیە، لە کاتێکدا ئەم هاوسۆزییە بەهێزە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کەمتر پەیپێدەبرێت.
لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ د. عەدالەت عەبدوڵا، مامۆستای زانکۆ وردەکاری گرنگی تێوەنەگلای کوردەکان لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل دەخاتەڕوو.
خەڵك: هاوسۆزی نێوان کوردەکان و فەڵەستینییەکان چییە؟
د.عەدالەت عەبدوڵا: خاڵی هاوبەشمان هەیە لەم شەڕەدا، لەگەڵ ئیسڕائیل لایەنی مرۆڤایەتیمان هەیە، بەڵام لەگەڵ فەڵەستینییەکان لایەنی دینی هاوبەشی بەهێزمان هەیە، فەڵەستینییەکان خاوەن قەزییەکی ڕەوان و خاکیان داگیرکراوە، وە بەشێکی زۆریان لانەواز و دەربەدەری وڵاتانن، لە جەنگی حەماسدا نابەرامبەریەک هەیە لە باڵانسی هێز و لە تەنانەت لە زیانەکانیشدا، زیانەکانی خەڵکی فەڵەستین لە کەرتی غەزە دوو هێندەی زیانەکانی ئیسڕائیلە، ڕایەڵەی دینی و مەزهەبی و ڕایەڵی مەزڵوومەیەتی مێژووی ڕەنگە لەگەڵ فەڵەستینییەکان کۆمانبکانەوە.
خەڵك: دەبێت کورد بەهۆی هاوسۆزییەوە خۆی لەم شەڕەوە بگلێنێت؟
د.عەدالەت عەبدوڵا: وەکو کورد دەبێت خۆمان تێوەنەگلێنین لە هیچ جەنگێکدا وکە بەرژەوەندی ئێمەی تێدانییە و بە زیانی گەورە بۆمان دەشکێتەوە، نابێت ئەم هاوسۆزیانە ببێتە هۆکار تا لە شەڕەکە تێوەبگلێین، چونکە خۆی بەشێک لە وڵاتە عەرەبییەکان کە خۆیان بە خاوەنی قەزییەکە دەزانن ئەوان نایانەوێت لە جەنگەکە تێوەبگلێن، ئەوەی کە کۆنگرەی قاهیرەی بینیتنێت وە وتاری نوێنەری وڵاتانی عەرەبی بینینبێت تێدەگات، هیچیان یەکێک لە گوتارەکانیان نەغمەی درێژەپێدانی شەڕی تێدا نییە، چونکە ئەوانیش خەمی وڵاتەکانی خۆیانە، خەمی میللەتەکانی خۆیانە، ئەزانن تێوەگلان لە هەر جەنگێکدا واتە لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی دۆخی سیاسی، ئابووری و لەدەستدانی سەرمایەیی مرۆیی، شەڕەکە نابەرامبەرە، تۆ لەگەڵ کەسێکدا لە جەنگدای کە خاوەن چەکی ئەتۆمە، زۆر لێی توندبکەیت ڕەنگە کاردانەوەی خراپی هەبێت، بۆیە ئاڕاستەی وڵاتە عەرەبییەکانیش ئەوەیە جەنگەکە سنووردابێت بۆ ئەوەی میللەتەکانیان تێوەنەگلێن لە جەنگەکە، چ جای میللەتی ئێمە کە با هاوسۆزیش ببین، دەبێت هانییان بدەین کە ئەوانیش بیر لە چارەسەری سیاسی بکەنەوە، ئیسرائیل دەوڵەتێکە هەیە، زلهێزی گەورە پشتیوانییەتی.
خەڵك: ئەو هۆکارە سیاسییە چییە کە دەوڵەتە عەرەبییەکان نایانەوێت کە شەڕەکەوە بگلێن؟
د.عەدالەت عەبدوڵا: ئەو هێزەی لە جەنگەکەدایە لە فەرهەنگی ئەمریکا و ئەوروپا بە هێزێکی تیرۆرست لە قەڵەمدەدرێت، حەماسیش لەو فەرهەنگەدا بە تیرۆرست لە قەڵەمدەدرێت، ئەمە هاوکێشەکەی گۆڕیوە، حەماس هێزێکە لەلایەن زلهێزەکانەوە پەسەندکراو نییە، ئەمە گرفتەکەیە، ئەمەشە زۆرترین قورسی دروستکردووە، بەشێکی ئەو گروپ و هێز و ڕەوتە سیاسیانەی لە ناوچەکەدا هەن بەشێکیان هاوسۆزن لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس، بەشێکیشیان بەتایبەت ئەوروپا و ئەمریکای لاتین و ڕۆژئاوا بە گشتی هاوسۆزن لەگەڵ ئیسرائیلدا.
کەواتە دەرئەنجامی جەنگەکە ئەگەر بەرەو فراوانتربڕوات ئەگەری تێوەگلانی وڵاتانی تریش دەبێتە ئەگەرێکی بەهێز، بۆیە لە ئێستادا لە هەموو میللەتانی ناوچەکە کۆنگرە و کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی دەکرێت لەبارەی چۆنییەتی کۆتایی هاتنی جەنگەکە و ڕاگیرانی و ئاشتی بەرقەراربێت، بەڵام لەسەر ئەرزی واقعدا تا ئێستا جەنگەکە بەردەوامە، ڕەنگە تاقە شتێکی بێتە مایەی سڵەمینەوە و کۆمەڵگە مرۆییەکان لەوەی جەنگەکان فراوانتربکەن و درێژەی پێنەدەن، بڕی ئەو زیانە ماددیەیە کە لێیان دەکەوێت.
خەڵك: کاریگەرییەکانی ئەم جەنگە چی دەبێت؟
د.عەدالەت عەبدوڵا: جەنگ و ململانێ بە سروشتی حاڵ کاریگەری دەبێت لەسەرئەوەی کە ئاشتی کۆمەڵایەتی وەکو خۆی نەمێنێتیەوە و پەیوەندی نێوان کۆمەڵگاکان پەیوەندییەکی گرژبێت، کۆمەڵێک ئەنگێزە هەن وەک دینی، مەزهەبی، سیاسی، ئایدۆلیۆژی و ستراتیژی، هەموو ئەمانە لەگەڵ جەنگ و ململانێکانە جارێکی دیکە دەتەقنەوە، جارێکی دیکە برینەکە نوێ دەبێتەوە، بەتایبەتیش ئەو جەنگانەی ڕەهەندێکی پیرۆز وەردەگرن، وەکو جەنگ لەسەر خاک، ئاین، مانەوە و بوون، ئەم جۆرە جەنگانە بێگومان ڕەنگادانەوەی ئێجگار خراپی دەبێت لە سەر تەواوی ئەو کۆمەڵگانەی دەکەونە ناو جوگرافیای جەنگەکەوە، چ جای ئەوەی ئەگەر جەنگ یەکێک لە ڕەهەندەکانی درێژبێتەوە لەگەڵ تایبەتمەندی کۆمەڵگا جیاجیاکانی ئەو ناوچەیەی کە جەنگی تێدایە.
ئێستا جەنگی حەماس و ئیسرائیل پەیوەندی بە هەموو جیهانی عەرەبیەوە هەیە، پەیوەندی بە کۆمەڵگای کوردی هەیە، وە پەیوەندی بە بەرژەوەندی و ئاسایشی دەوڵەتە زلهێزەکانی و وڵاتە هەریمایەییەکانیشەوە هەیە، کەواتە ئەم جەنگە لە ڕاستیدا لە هەموو دۆخێکدا دەبێتە مایەی گۆڕانکاریەک لە ژیانی گشتیدا کە پێویستی بە جۆرێک لە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیاسەت و هەڵوێست هەیە، چ هەڵوێست بۆ بەگری کردن لە خۆت لەوەی ئەم جەنگە زیانەکانی ئەگەر بەر تۆشبکەوێت سنوورداری بکەیت، چ لەوەی تێئەگلێیت یان خۆت تێوەدەگلێنییت لە جەنگە.
خەڵك:پێویستە هەڵوێستی کورد چۆن بێت لەم جەنگەدا؟
د.عەدالەت عەبدوڵا: دەبێت گەلی کورد خۆی بپارێزێت لەو جەنگانەی کە ئەزانێت لەوسەرەوە لە بەرژوەندی نییە، ڕەنگە ببێتە مایەی زیانی ماددی و مەعنەوی و زیانی گیانی گەورە بۆی، بابەتی مرۆڤایەتی و ئاینی گرنگە، بەڵام ئەوەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستانیش ئەژی مرۆڤە، پێویستەکا وەکو مرۆڤ ڕێزی لێبگیرێت و حساب بۆ مافەکانی بکرێت، ڕایەڵ بەهێزتر لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستانگرێمان دەداتەوە،کە ڕایەڵی نەتەوەییە، یادەوەری و مێژووی هاوبەشمان لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستاندا هەیە، بۆ نمونە قۆناغی سەرمایەدارییە کە وایکردووە سنوورمان هەبێت، ئەگینا ڕۆژئاوای کوردستان وەکو لە دەستەوەژەکەشدا بە تەواوی ڕوونە کە بەشێکە لە کوردستان.
خەڵك:ڕاگەیاندنی کوردی دەبێت لەنێوان شەڕی حەماس و ئیسرائیل لەگەڵ دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان چۆن ڕووماڵ بکات؟
د.عەدالەت عەبدوڵا: ڕۆڵی ڕاگەیاندنەکان لە خستنەڕووی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بەراورد بە شەڕ وەکو خەڵکی کوردستان و میدیاکانی کوردستان دەبێت پێچەوانەی ئەو شەپۆلە لە ڕووماڵی میدیایەی دەیەوێت فۆکەس لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان نەبێت و تورکیا ئەمە وەک دەرفەت بقۆزێتەوە، دەبێت میدیاکانمان هانبدەین کە ئەمە نەبێتە مایەی بەکارهێنان لەلایەن تورکەکانەوە، چونکە ئێستا ئەزانن ئێستا هەموو میدیاکانی جیهان بە شەڕی ئیسڕائیل و حەماسەوە خەریکن، لە کاتێکدا خۆی لەسایەی ئەم دۆخەیا بە ویستی خۆی پەلاماری کوردی ڕۆژئاوا دەدات، بە بڕوای من ئەمە ئەرکێکی هەم زانیستی و پیشەیی و ئیتیکییە بۆ میدیاکانی کوردستان، کە ئەم فۆکەسە بگوێزنەوە بۆ سەر شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە لەوێش کارەساتی مرۆیی هەیە، کوشتنی مناڵ و ژن هەیە، دەربەدەرکردنی خەڵك هەیە.