بەهای دینار بەردەوام لە دابەزینە، دیارنییە تا کۆتایی ساڵ بەهای دینار بەرزدەبێتەوە یاخود زیاتر دادەبەزێت، سەردانەکەی سودانی بۆ ئەمریکا بەهای دینار بەرزدەکاتەوە.
بەهای دینار بەردەوام لە دابەزیندایە، ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی ١٦٠ هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاندووە، هاووڵاتیانیش لە بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای دۆلار دەترسن.
بیلال ڕەئوف، ئابووریناس لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تۆڕی میدیای (خەڵك) پێشبینیەکان بۆ بەهای دینار دەخاتەڕوو.
خەڵك: بۆچی بەهای دینار جێگیرنابێت؟
بیلال ڕەئوف: قورسە پێشبینی بکەیت بەهای دینار جێگیرببێت، بەهۆی ئەوەی ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی بۆ جێگیرکردنی بەهای دراوی نیشتیمانی نەیتوانیوە ئامانجەکانی خۆی بپێکێت و بەهای دینار ئاسایی بکاتەوە، ئەو پێویستییەی بازاڕ هەیەتی بە دۆلار پڕیبکاتەوە، پێدانی دۆلار بە گەشتیار و ڕێکخستنەوەی سیستمی بانکی نەیانتوانیوە کاریگەری هەبێت، تا ڕێکاری زیاتر لە بانکی ناوەندی عێراقەوە ئەنجامنەدرێت پێشبینی ناکرێت بەهای دینار بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت.
خەڵك: ئایا بانکی ناوەندی عێراق توانای کۆنتڕۆڵکردنی بەهای دیناری لەدەستداوە؟
بیلال ڕەئوف: بانکی ناوەندی عێراق توانای لەدەستنەداوە بۆ بەهای دینار، لە یەکی یانزەی ساڵی ڕابردووەوە بانکی ناوەندی عێراق نەیتوانیوە وەکو پێویست دۆلار بخاتە بازاڕەکانەوە، لە ماوەی ساڵێکدا ئەگەر جیاوازی نرخی هەر ١٠٠ دۆلارێک ٣٠ هەزار دیناربێت، ئاوا تا ئاستێک باش توانیویەتی بازاڕ کۆنتڕۆڵبکات، چونکە ئەو فشارانەی لەسەر عێراق هەیە بۆ خستنەڕووی دۆلار ئاسان نین، بەڵکو زۆر توند و قورسن لەلایەن ئەمریکاوە، بۆیە گەشبینییەکان لەدەست نەدراون، هێشتا بانکی ناوەندی نەگەیشتووە ئاستێک کە کۆنتڕۆڵی بازاڕ لەدەستبدات، هەر ڕۆژێک کە بانکی ناوەندی ڕێکارێک بڵاوبکاتەوە یاخود پارێزگاری بانکەکە لێدوانی هەبێت، ڕاستەوخۆ بەهای دینار بەرزدەبێتەوە، بەڵام کاریگەرییەن جدییەکە نین.
خەڵك: تا کۆتایی ساڵ بەهای دینار بەرزدەبێتەوە یاخود زیاتر دادەبەزێت؟
بیلال ڕەئوف: ئەگەری هەیە لە مانگی یانزە و دوانزە بەهای دۆلاری ئەمریکی زیاتر بەرزببێتەوە، کۆتایی ساڵە و بانکەکان تەسفیە حسابی دەکەن و پێویستیان بە دۆلاری زیاترە، ئەمە بە لەبەرچاوگرتنی یەک هۆکار ئەگەر سەردانی سودانی بۆ ئەمریکار ڕوونەدات، بەهای دۆلار زیاتر بەرزدەبێتەوە، ئەگەریش سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕوویدا و لەگەڵ جۆو بایدن کۆبووەوە، ئەوە ئاڕاستەکە پێچەوانە دەبێتەوە و گەشبیندەبین کە بەهای دۆلار داببەزێت.
خەڵك: ئایا بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق بۆ مامەڵەی تەواو بە دینار لە هەموو وڵاتیدا کاریگەری لەسەر بەرزکردنەوەی بەهای دینار دەبێت؟
بیلال ڕەئوف: کاریگەری ئەوتۆی نابێت، هاووڵاتی عێراق هەرچەندە بە دینار مامەڵە بکات، بەڵام سەرچاوەی هێنانی کاڵاکە دۆلارە، لەبەر ئەوەی عێراق وڵاتێکی بەکارهێنە سەرچاوەی کاڵاکەش هەر دۆلارە، سەرچاوەی مامەڵەکان هەر دۆلارە، بۆیە ئەم بڕیارە کاریگەری نەبێت ئەگەر بانکی ناوەندنی عێراق ڕێکاری دیکە لەگەڵ ئەو بڕیارە نەگرێتەبەر.