شەپۆلی بارانبارین ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە



شاره‌زایه‌كی بواری كه‌شناسی ڕایگەیاند، له‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆوه‌ تا ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ شه‌پۆلێكی بارانبارین ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێم ده‌گرێته‌وه‌ و پله‌كانی گه‌رماش ٢-٣ پله‌ نزم ده‌بنه‌وه‌.

ئاراس جه‌بار شاره‌زای بواری كه‌شناسی، بڵاویکردەوە، ” له‌ئه‌نجامی هاتنی بارستە هه‌وایه‌كی شێدار بۆ سه‌رناوچه‌كانمان له‌ نیمچه‌ دورگه‌ی عه‌ره‌بی و ده‌ریای سوره‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردووشدا لافاو، ته‌رزه‌ و بارانی به‌هێزی له‌ ناوچه‌كانی سعودیه‌ لێكه‌وته‌وه‌، ئێستا كاریگه‌ریەکەی گه‌یشتووه‌تە ئاسمانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ زۆری له‌ ئاستی مامناوه‌ند و به‌رز هه‌ور دروستبووه‌ و له‌ كاته‌كانی ئێواره‌ و ئه‌مشه‌و ئه‌گه‌ری نمه‌ باران له‌سه‌ر هه‌ندێك ناوچه‌ی سنووری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بێت”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “سبه‌ینێ چوارشه‌ممه‌ ئاسمانی هه‌رێم به ‌درێژای كاته‌كان نیمچه‌ هه‌ور و هه‌وری ته‌واو ده‌بێت، پله‌كانی گه‌رما به‌ ڕێژه‌ی ٢ تا ٣ پله‌ به‌راورد به‌ ئه‌مڕۆ نزم ده‌بنه‌وه‌، هاوکات لە دوای نیوه‌ڕۆوە ئه‌گه‌ری ده‌ستپێكردنی بارانی پچر پچر و مامناوه‌ند له‌ ناوچه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق ده‌بێت له‌ هه‌ندێك ناوچه‌شدا هه‌وره‌ بروسكه‌ چالاك ده‌بێت، له‌ كاته‌كانی ئێواره‌وه‌ پێشبینیده‌كرێت زیاتر فراوان ببێت و نمه‌ بارانی پچر پچر ناوچه‌كانی سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان و دواتریش له‌ شه‌ودا ناوچه‌كانی سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانی بگرێته‌وه‌ به‌ بارانی مامناوه‌ند و پچر پچر”.

وتیشی، ” ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ بارانبارین به‌رده‌وامی ده‌بێت و ڕێژه‌كه‌ی زیاتر ده‌بێت له‌سه‌ر سنووری هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانی به‌تایبه‌ت ناوچه‌ شاخاویه‌كانی ئه‌گه‌ری بارانی باش ده‌بێت و ئه‌گه‌ریش هه‌یه‌ به‌شێوه‌ی تاوه‌ باران و بروسكه‌ ناوچه‌كانی سنووری ئیداره‌ی راپه‌رین و ئیداره‌ی سۆران بگرێته‌وه‌”.

ئەمریکا: لە بارەی هێرشەکانی سەر سوپاکەی لە عێراق و سوریا هاتەدەنگ
پێت ئەمریکا: لە بارەی هێرشەکانی سەر سوپاکەی لە عێراق و سوریا هاتەدەنگ
تەندروستی سلێمانی چەند ڕێنماییەکی بڵاوکردەوە
دوات تەندروستی سلێمانی چەند ڕێنماییەکی بڵاوکردەوە
پەیوەنیدر