ئاسایشی دهۆک لەبارەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسێک ڕوونکردنەوە دەدات



هه‌واڵسازی به‌شی عه‌ره‌بی دەزگای میدیایی رۆژ نیوز به‌ ناوی سلێمان ئەحمەد ماوەی شەش ڕۆژە بێسەروشوێنە، هاوکات ئاسایشی پارێزگای دهۆك ڕایگه‌یاند، ” ڕاگرتنی ئەو ڕۆژنامەنووسە په‌یوه‌ندیی به‌كارەکەیەوه‌ نییه‌، بەڵکو کاری نایاسایی کردووە ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە”.

ئەمشەو ئاسایشی دهۆک لەبارەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لە ڕوونکردنەوەیەکدا بە “کادیری پەکەکە” ناوی برد و ڕایگەیاند، ” دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد پەیوەندی بە کاری رۆژنامەنوسیەوە نییە کاری نایاسایی کردووە و ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە”.

هاوکات دەزگای میدیایی رۆژ نیوز وتی، “سەرلەبەری تۆمەتەکان ڕەتدەکەنەوە و ئەمەش هەوڵێکی دیکەی پارتیە بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان و دەیەوێت وەک دۆسیەی شێروان شێروانی بە لاڕێیدا بەرێت.”

بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئاسایش “کادرێکی پەکەکە”یان بە ناوی سلێمان ئەحمەد دەستگیرکردووە کە بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتوچۆی کردووە، لەبەر ئەو کارە نایاساییانە دەستگیرکراوە و لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە کردەوەکانیدا ناوە، سلێمان ئەحمەد ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و بە گوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

لە بەرامبەردا دەزگای میدیایی رۆژ نیوز بڵاویکردەوە، لە پاش شەش ڕۆژ لە ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان، ئاسایشی دهۆک بە بڵاوکردنەوەی تۆمەتێکی ناڕەوا و پڕ لە چەواشەکاریی دەیانەوێت سلێمان ئەحمەد، هاوشێوەی زیندانییانی بادینان سزا بدەن، ئێمە وەک ڕۆژنیوز سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەینەوە.

باس لەوەشکراوە، سلێمان ئەحمەد هاوڵاتی ڕۆژئاوای کوردستانە و ماوەی پێنج ساڵە لە باشووری کوردستان دەژی و لەگەڵ ئاژانسەکەمان کار دەکات، لە ١ـی تشرینی یەکەم، بۆ بەشداریکردن لە پرسەی باوکیان و سەردانیکردنی خێزانەکەی، بەشێوەیەکی فەرمی چووبووە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان، لە دەروازەی فیشخابوورەوە، لەلایەن هێزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان-پەدەکەوە ڕفێندراوە بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی یاساییان هەبێت و بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک، لەو کاتەوە پەیوەندی لەگەڵ ئێمە و خێزانەکەیدا پچڕاوە.

تەندروستی سلێمانی چەند ڕێنماییەکی بڵاوکردەوە
پێشت تەندروستی سلێمانی چەند ڕێنماییەکی بڵاوکردەوە
ڕۆژئاوای کوردستان یان غەززە؟
دواتر ڕۆژئاوای کوردستان یان غەززە؟
ەیوەندیدار