وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئێمە سەركەوتن و ئایندەیەكی ڕوونی كوردستان لە چاوی خوێندكاراندا دەبینین و دەشڵێت: “هەر میللەتێك بێ وڵات و بێ كیان بێت هەمیشە پەرتەوازەیە”.
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی هەرێمی كوردستان لە زانكۆی نەورۆز كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ خوێندكارانی كۆلێژەكانی زانكۆ ئەنجامدا و ڕایگەیاند، ئێمە سەركەوتن و ئایندەیەكی ڕوونی كوردستان لە چاوی ئێوەدا دەبینین.
ڕاشیگەیاند، هەر میللەتێك ئەگەر كیانی خۆی نەبێت و نەتەوەی خۆی پارێزراو نەبێت، ئەوە ناتوانێت تواناكانی خۆشی بەرجەستە و فەراهەم بكات، بۆیە هەر میللەتێك بێ وڵات و بێ كیان بێت هەمیشە پەرتەوازەیە.
وتیشی، “ئێمە وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان تكاتان لێدەكەین گرنگی بەتواناكانی خۆتان بدەن” و ئاماژەی بەوەشكرد، پاراستنی كیانەكەمان تەنها ئەركی حكومەت و حزبەكانی نییە، ئەركی سەرشانی ئێوەشە بە بیركردنەوە و هەستی نیشتیمانی و نەتەوەییتان پاریزگاری لەو كیانە بكەن.
جەختیشی كردەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر كار و خزمەتی پێشكەشكردووە و زۆریش ماوە ئەنجامی بدات، بۆیە پێویستە ھەمووان پێكەوە بەھەستكردن بەگیانی بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و نەتەوەیی، قەوارەی ھەرێم بپارێزین.