وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی مووچەوە روونکردنەوە دەدات و دەڵێت:”هیچ شتێک لەسەر ئێمە نەماوە کە ئەنجامیبدەین، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوامبێت ، لەبەرانبەر پێشێلکردنی مافی دەستووری خەڵکی هەرێمی کوردستان ناتوانین بێ دەنگ بین”.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت:”بڕیار وابوو هەفتەی پێشوو بڕی ۷٠٠ ملیار دیناری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەین، بەڵام جارێکی دیکە پێچەوانەی هەموو لێدوان و قسەو باسی ناو کۆبوونەوەکان و ڕێککەوتنەکان ناردنی پارەکە دواکەوت.
دەشڵێت:”ئەم هەفتەیە شاندی هەرێم دەچنەوە بەغداو ڕۆژی سێشەممە حکومەتی فیدراڵ کۆبوونەوەی هەیە، دەمانەوێت کە بڕیارێکی کۆتایی و ڕیشەیی لەم بارەیەوە بدرێت و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەخرێنەوە ناڕەحەتی و سەختی”.
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی ڕابردوو نیەتی ڕوونی حکومەتی هەرێم نیشاندرا بۆ ڕێککەوتن و گەیشتنە ئەنجام لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ. هیچ شتێک لەسەر ئێمە نەماوە کە ئەنجامیبدەین، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوامبێت، لەبەرانبەر پێشێلکردنی مافی دەستووری خەڵکی هەرێمی کوردستان ناتوانین بێ دەنگ بین.