گرووپی جوولەکەکانی لایەنگری ئاشتی لە ئەمریکا، بە مەبەستی بانگەواز بۆ ئاگربەست لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە، لە هۆڵی گراند سنتراڵ کۆبوونەوە و داوای “دەستبەجێ ئاگربەست”یان کرد.
لەسەر بانگەوازی ڕێکخراوی دەنگی جوولەکە بۆ ئاشتی (JVP) کە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاو کرابووەوە، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی ئاینزای جوولەکە، لە هۆڵی بەناوبانگی گراند سنتراڵ کۆبوونەوە و ڕێڕەوەکانی هۆڵەکەیان گرت.
سەدان جوولەکە کە تیشێرتی ڕەشیان پۆشیبوو، وێڕای خوێندنەوەی سروود، درووشمی “فەڵەستین دەبێ ئازاد بێت”، “هەر ئێستا ئاگربەست”، “لە بەری ڕاستی مێژوو و لەگەڵ ئێمە بن”یان دەوتەوە.
خۆپیشاندەران ڕایانگەیاند، “ڕێگە نادەین بە ناوی ئێمە کۆمەڵکووژی ئەنجام بدرێت”، بە ناوی ڕێکخەرانی گردبوونەوەکەش ڕایانگەیاند، “لە ئێستادا حەوت هەزار کەس کوژراون و یەک ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون، بەرپرسانی ئیسڕائیل بە ئاشکرا دەڵێن کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەین”.