بە بیانووی نزیکایەتی پارتی لە تورکیا، داوا دەکرێت خاڵە سەربازییەکان ڕادەستی سوپای عێراق بکرێت



دانیشتوانی کەمپی مەخمور بە بیانووی نزیکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تورکیا، داوا دەکەن خاڵە سەربازییەکانی نزیک لە کەمپەکەیان ڕادەستی سوپای عێراق بکرێت نەک هێزی پێشمەرگە. بەرپرسانی پارتیش وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکە، پەکەکە تاوانبار دەکەن بە ڕادەستکردنی سێ خاڵی سەربازی گرنگ و ستراتیژی بە حەشدی شەعبی لە چیای قەرەچوخ.

فلز بوداک، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری کەمپی مەخمور، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “ئێمە حەز ناکەین سەنگەرەکانی نزیک لە کەمپەکەمان ڕادەستی پێشمەرگەی پارتی بکرێت، چونکە ئەوان نزیکن لە دەوڵەتی تورکەوە و مەترسی گەورەمان لەسەر دروست دەبێت.”

ڕۆژی 22ی ئەم مانگە، لەسەر کۆنترۆڵکردنی سێ خاڵی سەربازی لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کەمپی مەخمور لەسەر چیای قەرەچووغ دوای کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لەو خاڵانە، شەڕ لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراق ڕوویداو لە ئەنجامدا 3 پێشمەرگە و دوو سەربازی عێراقی کوژران.

ئەو سێ خاڵە سەربازییەی ناکۆکییان لەسەر دروستبوو، لە ساڵی 2014ەوە هێزەکانی پەکەکەیان تێدابووە بە پاساوی پاراستنی کەمپی مەخمور لە هێرشی داعش، بەڵام ڕۆژی 19ی ئەم مانگە پەکەکە بە نهێنی هێزەکانی لەو خاڵە سەربازیانە کێشایەوە بەرەو ناوچەکانی قەندیل، هۆکاری کشانەوەکەشیان بۆ بنەمای فکری خۆیان گێڕایەوە.

دوای کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە، شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دا دروستبوو، کاتێک سوپای عێراق هەوڵیدا ئەو خاڵە سەربازییانە بە هێزی خۆی پڕ بکاتەوە، پێشمەرگەش بە بیانووی ئەوەی خاڵە سەربازییەکان نزیکن لە سەنگەرەکانییەوە دژی هەوڵەکانی سوپا وەستایەوە.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی نەینەوای پارتی ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە، “ناکۆکی نێوانمان لەگەڵ پەکەکە وایکرد، پەکەکە سەنگەرەکان ڕادەستی حەشدی شەعبی بکات و ڕادەستی پێشمەرگەیان نەکات، لە کاتێکدا ئەو سەنگەرانە باڵادەستن بەسەر ناوچەکەدا لەڕووی سەربازییەوە، بۆیە پێشمەرگە ناچار بوو هەوڵی کۆنترۆڵکردنیان بدات.”

هەروەها وتیشی، “پەکەکە موراعاتی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان ناکات و گرفت بۆ هەرێم دروست دەکات.”

کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لە خاڵە سەربازییەکانی نزیک کەمپی مەخمور، دوای چەندین جار بۆردومانکردنی کەمپەکە هات لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە. کاتێک دانیشتوانی کەمپەکە داوای پاراستنیان لە حکومەتی عێراق کرد، مەرجی عێراق بۆ پاراستنیان کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە بوو.

هاوکات فلز بوداک، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەمپی مەخمور، وتی، “لەبارەی چۆڵکردنی سەنگەرەکان لە حکومەتی عێراق پرسیارمان کرد، وتیان سەنگەرەکان چۆڵ ناکەین، گەر شتی وا ڕووبدات ئاگادارتان دەکەینەوە. ئێستا لەناو کەمپەکەوە سەنگەرەکانمان لێوە دیارە و سوپای عێراقیان تێدایە.”

کەمپی مەخمور کە بە کەمپی ڕۆستەم جودیش ناسراوە، نزیکەی 10 هەزار خێزانی کوردی کوردستانی تورکیای تێدایە، کە مپەکە لە ساڵی 1998 دروستکراوە.

” پشتبەستوو بە یاسا و بڕیارەکانی دادگا بەهەموو شێوەیەک رووبەڕووی یاساشکێنان ببنەوە”
پێشت ” پشتبەستوو بە یاسا و بڕیارەکانی دادگا بەهەموو شێوەیەک رووبەڕووی یاساشکێنان ببنەوە”
عەلی عەلاق داوایەک لە هاووڵاتیان دەکات
دواتر عەلی عەلاق داوایەک لە هاووڵاتیان دەکات
ەیوەندیدار