پەروەردە لەنێوان ململانێی حیزبەکان و خواستی مامۆستایان



ڕەووف محەمەد ئالانی

بۆدە ساڵ دەچێت لە دوای ڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستاندا قەیرانی دارایی سەرو دڵی ئەم هەرێمەی گرتوەو بەجۆرێ شڵەژاوی هێناوە بۆ خەڵکی، نەتوانراوە بەباشی و ئاسایی هاwوڵاتیان لەم جوگرافیا بچووکەدا ژیانێکی سادەو ساکار بەڕێبکەن.

هەمیشە ناڕەزایەتی هۆکارێکە بۆ وەڵامی کارێکی پێچەوانەی خواستی کەسێک یان توێژێک یان گروپێکی دیاریکراو.

لەهەرێمی کوردستان بەهۆکاری نەبوونی شەفافی و نادادی و خراپ بەکار‌هێنانی دەسەڵات و دەستوەردانی حیزبەکان لەهەموو بوارو سێکتەرەکانی ژیان، ئەم هەرێمە دەرگیری ناخۆشی و نائارامی بووە، بۆیە زۆربەی چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان ناڕازین، بەڵام زۆربەی کۆمەڵگەی کوردەواری بێدەنگیان هەڵبژاردوە، جگە لەمامۆستایان، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی چەند فاکتەرێک کە لەکاتێکی ترو شوێنی تر دەکرێت ئاماژەیان پێبکرێت، بەڵام ئەمجارە باسەکەمان تایبەت کردووە بە پەروەردە، لەبەشێکی هەرێم کە سنوری پارێزگای سلێمانی و قەزاو ناحیەکانیەتی ئەو ناڕازیەتیانە براونەتە سەرشەقام، یان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردوە، بەپێی ئەو زانیاریانەی هەیە لەدوای ساڵی دوو هەزارو پانزەوە بێجگە لەگردبوونەوەکان و خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ، تەنها لەسنووری سلێمانی و دەوروبەری حەفتا خۆپیشاندان ئەنجامدراوە، هەرجارەو بەجۆرێک و بێ ئەوەی وەڵامی داواو خواستەکانیان درابێتەوە، لەپشتی هەموو ئەو ناڕەزایەتیانەوە، حیزبەکان بەعەلمانی و ئیسلامی و قەومی و چەپەکانەوە، هەوڵیانداوە بەویستی خۆیان و مەرامە ئایدۆلۆژیەکانیان بخزێننە ناو ئەو ناڕەزایەتیانەوە، هەر حیزبەو بەپێی تواناو پێگەی خۆی کاریان لەسەرکردوون، بەڵام حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەهۆکاری بوونی دەسەڵات و بوونی هێزو بەردەست بوونی دارایی زیاترکاریان لەسەر کردووە و کاریگەریان زۆرتربووە.
ئەمە ئەوە ناگەیەنێ خۆپیشاندەران و ناڕازیکاران خۆیان خزاندبێتە ئەجێندای حیزبەکان، بەڵام ئەگەرچەند کەسێکیشیان لەخشتە بردبێت توانیویانە، ئاقاری ئەو ناڕەزایەتیانە بگۆڕن بۆ خواستی خۆیان، کە کۆتایی هێنان بووە بەو نەڕەزایەتیانە، ئەگەربەکاتیش بووبێت.
هەرلایەک بیەوێت پەروەردە بخاتە ژێرڕکێفی خۆی و بەدڵی خۆی ئاراستەی بکات و لە ئامانجە گەورەکەی پەروەردە دووری بخاتەوە، هیچ گوومانی تێدا نیە کە ئەو لایەنە نە بۆخۆی باشە، نە لەپەروەردەش گەیشتووە، چونکە لەدۆخێکی ئاوادا پەروەردە تووشی شکست دەکات، نەوەیەکی ناهوشیاری دوور لەبیرکردنەوە دروست دەکات، وەک نوسەر(عەلی ئیبراهیم موسەوی)دەڵێت: (پەروەردەی شکستخواردوو، ئەو پەروەردەیە یە، نەوەیەک دروست دەکات کە دەتوانێت تەنها بخوێنێتەوە و بنوسێت، بەڵام ناتوانێت بیر بکاتەوە).
لەلایەکی تر ئەوەی بۆتەجێی سەرنج و تێبینی بەندەو زۆر خەڵکی تر، وەڵام نەدانەوەو پشتگوێخستنی خواست و داواکاریەکانی هەموو ناڕەزایەتیەکان بەگشتی و ناڕەزایی مامۆستایان بەتایبەتی، زۆرجێی تێڕامان و سەرسامیە نزیکەی حەوتسەد هەزار قوتابی و خوێندکار لەماڵەوەن، بەهۆی بایکۆتی حەفتاو پێنج هەزار مامۆستا، ئەتوانین بڵێین خوێندنی بەشێکی هەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ لە لێواری پەکخستن و فەوتان و دواکەوتندایە، کەچی بەرپرسێکی پەروەردە نەهات وەڵامێکی باوەڕپێکراو بدات بەتوێژی مامۆستایان، یان بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانیان پێبدات، بەپێچەوانەوە بەزمانی هەڕەشە دەیانەوێت مامۆستایان بگەڕێننەوە هۆڵەکانی خوێندن، ئەگەر نەگەڕێنەوە، ئاوا ناچار دەسەڵاتە کارگێڕیەکانیان بەکار دێنن، ئەوەش بووە هۆی تووڕەبوونی زیاتری مامۆستایان، وەک پەرچە کردارێک لەجیاتی چوونەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن چوونە شەقام و دووپاتی بایکۆتی بەردەوامیان کردەوە، تا گەیشتن بەمافەکانیان.
ئەوەی لای زۆربەمان ئاسایی نەبوو لەڕۆژی ٢٢-١٠-٢٠٢٣ بەشداری چەند بەڕێوەبەرێکی حیزبی بوو لەگەڵ چین و توێژەکانی تری شاری سلێمانی، کە وادەخوێندرایەوە بە ویست و داوای حیزب بەشداربووبن، چونکە هەرلە ڕۆژی دواتر بارەگاکانی حیزب کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێک لەبەڕێوەبەری پەروەردەکان و بەڕێوەبەری قوتابخانەو خوێندنگەکان کرد و داوایان لێکردن بچنەوە بۆ دەوام و دەستبکەنەوە بەوانە خوێندن، لێرەوە گومان دەخرێتە سەر کەسێتی ئەوانەی لەو خۆپیشاندانە بەشداربوون و دەچنەوە بۆ دەوام، بێ ئەوەی هیچ مافێکیان بەدەست هێنابێت، ئەوەش دووپاتکردنەوەی هێنانە خوارەوەی شکۆ و کەسێتی مامۆستایان و ئەوانەیە کە بەو کارە هەڵدەستن، ئێستاش چارەسەرکردنی کێشەی مامۆستایان و جێبەجێکردنی خواستەکانیان زۆر ئاسانە، دەسەڵاتی سنووری سلێمانی دەتوانێت خۆی بەو ڕێگەیانەی دەبنە دەرچەیەک بۆدەرباز بون لەم دۆخەی پەروەردەی تێکەوتوە، ئەتوانن لەو پارەیەی هەیانە یان داوا لە کۆمپانیاکانیان یان ئەو دەوڵەمەمدانەی دروستیان کردوون و کراوون بە ملیارلێر موچەی مانگێکی مامۆستایان دابین بکەن، تا پرۆسەکە بچێتەوە سەرسکەی خۆی.
بەڵام دەسەڵاتداران بۆیە ئەوە ناکەن دەزانن بەڕێوەبەرەکان وابەستەی خۆیانکراون و فشار لەسەر مامۆستایان دەکەن تا داوای حیزبەکان بەدیبێنن، ئەمەش وازهێنانە لەخواست و داواکان و بەکۆیلەکردنی نەک هەرخۆیان و مامۆستایانە بەڵکو پەلدەکێشێت بۆنەوەکانی داهاتوو.

مەترسییەک لەسەر ناردنی ٧٠٠ ملیارەکە ئاشکرا دەکرێت
پێت مەترسییەک لەسەر ناردنی ٧٠٠ ملیارەکە ئاشکرا دەکرێت
لەبەغدا دۆلار دابەزی و لەهەرێم جێگیربوو
دوات لەبەغدا دۆلار دابەزی و لەهەرێم جێگیربوو
پەیوەندیدار