پارتی کۆبووەوە و لەسەر مووچە قسەی هەیە



کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی و ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی و ئەندامانی کۆمیتەکە کۆبووەوە.

کۆمیتەی ناوەندیی پارتی داوا دەکات، “هه‌رچی زووتره‌” كۆتایی به‌ كێشه‌ و ئاسته‌نگه‌كان بهێنرێت و چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بۆ پرسی مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی کوردستان بكرێت.

رۆژی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2023، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی خۆی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات تاوتوێی شەش تەوەری سەرەکیی کردووە ‌و “بڕیاری پێویستیان بۆ وەرگیراوە.”

وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو شەش تەوەرەی تاوتوێ کراون بریتین لە: “بارودۆخی سیاسیی عێراق و هه‌رێم و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی، بابه‌تی په‌یوه‌ندییه‌ نێوخۆییه‌كانی هه‌رێم و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی، بابه‌تی باره‌گاكانی پارتی له‌ كه‌ركووك، بابه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بابه‌تی ناوخۆی پارتی و بابه‌تی كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان.”

لەبارەی پرسی مووچە، کۆمیتەی ناوەندی پارتی دەڵێت: “ئومێدەوارین هه‌رچی زووتره‌ كۆتایی به‌ كێشه‌ و ئاسته‌نگه‌كان بهێنرێت و چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بۆ پرسی مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی کوردستان و ته‌واوی ئه‌و بابه‌تانه‌ی دیكه‌یش بكرێت، كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پرۆسه‌ی سیاسی و سه‌قامگیری وڵاتدایه‌.”

لەبارەی پرسی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، “كۆبوونه‌وه‌ بڕیاریدا پارتیمان باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پێشووی خۆی له‌ كه‌ركوك، پێشكێشی‌ زانكۆی كه‌ركووك بكرێت وه‌كو دیارییه‌ك بۆ قوتابیانی ئه‌و شاره‌ و پڕۆسه‌ی خوێندن و رۆشنبیری و پێشخستنی شاره‌كه‌.”

دەقی راگەیاندراوی كۆتایی كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان:

 

بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مه‌سعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، ئەمرۆ پێنج شەممە 26/10/2023 له‌ صلاحه‌دین، بە ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆك و ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی و یەدەگەكان، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا.

كۆبوونه‌وه‌ به‌ ساتێك وه‌ستان بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان سه‌روه‌ریان بارزانی نه‌مر و كاك ئیدریسی هه‌مشه‌ له‌یاد ده‌ستی پێكرد، دواتر بیروڕا ئاڵۆگۆڕكرا‌ لە سەر بابەتە هەنوكەیی و گرنگ و كاریگەره‌كانی ناوچه‌كه‌‌ و عێراق و كوردستان بەتایبەتی و، جیهان بە گشتی و، ئه‌م بابه‌ت و ته‌وه‌رانه‌ی خواره‌وه‌ بڕیاری پێویستیان بۆ وەرگیرا:

تەوەری یەكەم: بارودۆخی سیاسیی عێراق و هه‌رێم و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی: كۆبوونه‌وه‌ ڕه‌وشی ئێستای ناوچه‌كه‌ و رووداو و پێشهاته‌كان و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌رێم و عێراق له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ خسته‌ به‌رباس و گفتوگۆكردن، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی به‌شدار له‌ كابینه‌ی حكومه‌ت هه‌ڵسه‌نگانی بۆ كرا و، تیشكخرایه‌ سه‌ر لێكتێگه‌یشتنه‌كانی ئه‌و دواییانه‌ی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و فیدراڵ، كه‌ به‌ ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان هه‌نگاو ده‌نرێت. ئومێده‌وارین هه‌رچی زووتره‌ كۆتایی به‌ كێشه‌ و ئاسته‌نگه‌كان بهێنرێت و چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بۆ پرسی مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم و ته‌واوی ئه‌و بابه‌تانه‌ی دیكه‌یش بكرێت، كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پرۆسه‌ی سیاسی و سه‌قامگیری وڵاتدایه‌.

ته‌وه‌ری دووه‌م/ بابه‌تی په‌یوه‌ندییه‌ نێوخۆییه‌كانی هه‌رێم و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی: كۆبوونه‌وه‌ بڕیاریدا، وه‌كو هه‌میشه‌ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان و به‌هێزتركردنی قه‌واره‌ی سیاسی و یاسایی هه‌رێمی كوردستان و لێكتێگه‌یشتن و هاوكاری، پارتیمان به‌رده‌وام ‌بێت له‌ دیدار و گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی به‌شدار له‌ حكومه‌ت و ئه‌وانه‌شی كه‌ به‌شدارنین، هه‌روه‌ها به‌هێز خستنی خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كان و ئیداره‌دانی ئه‌و جیاوازیانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ پرنسیپه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانمان، ناكۆك نین.

ته‌وه‌ری سێیه‌م/ بابه‌تی باره‌گاكانی پارتیمان له‌ كه‌ركوك: له‌پێناو پاراستنی گیانی ته‌بایی و سه‌قامگیری شاری كه‌ركوك و، پێزانین و ڕێزگرتن له‌ خه‌ڵكی خۆڕاگر و تێكۆشه‌ری ئه‌م شاره‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ خۆڕاگر و به‌رده‌وام قوربانی ده‌ربوون له‌ پێناو ئامانجه‌ ڕه‌واكانیان، كۆبوونه‌وه‌ بڕیاریدا پارتیمان باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پێشووی خۆی له‌ كه‌ركوك، پێشكه‌شی‌ زانكۆی كه‌ركوك بكرێت وه‌كو دیارییه‌ك بۆ قوتابیانی ئه‌و شاره‌ و پڕۆسه‌ی خوێندن و ڕۆشنبیری و پێشخستنی شاره‌كه‌، هاوكات كۆبوونه‌وه‌ سوپاسی به‌ڕێز محه‌مه‌ده‌ شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی فیدراڵ ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر ده‌ركردنی بریاری ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی باره‌گاكانی پارتیمان له‌و شاره‌دا.

ته‌وه‌ری چواره‌م/ بابه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان: كۆبوونه‌وه‌ وێڕای تیشكخستنه‌ سه‌ر هه‌لومه‌رج و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ و بڕیاره‌كانیدا، پشتیوانی خۆی بۆ حكومه‌ت و داموده‌زگاكانی هه‌رێم ده‌ربڕی له‌ هه‌نگاوه‌كانیاندا بۆ خزمه‌تی زیاتری خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا، هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت بۆ دابینكردنی مووچه‌ و به‌رده‌وامی و په‌ره‌پێدانی پڕۆژه‌كاندا.

 

ته‌وه‌ری پێنجه‌م/ بابه‌تی كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان: كۆبوونه‌وه‌ به‌ بایه‌خه‌وه‌ پرسی كه‌سوكار و خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی خسته‌ به‌رباس و به‌ گرنگییه‌وه‌ تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ بۆ خزمه‌تكردنی ئه‌و خانه‌واده‌ قوربانیده‌رانه‌ نراون، هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌نگاوانه‌شی ده‌ستنیشانكرد كه‌ پێویسته‌ به‌ ئاراسته‌ی خزمه‌تی زیاتر بنرێن.

 

ته‌وه‌ری شه‌شه‌م/ بابه‌تی ناوخۆی پارتیمان: كۆبوونه‌وه‌ تیشكی خسته‌ سه‌ر بارودۆخی ئۆڕگانه‌كان و ڕێكخستنه‌كانی پارتیمان و، ڕاپۆرتی به‌شه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی و مه‌كته‌بی ڕێكخستنی پارێزگاكان خوێندرانه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ڕه‌وتی ئیش و كاره‌كانی ناوخۆی پارتیمان كرا و گرفت و ئاڵنگارییه‌كان دیاریكران، بریاری پێویست درا سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی پارتیمان بۆ هه‌ردوو پڕۆسه‌ی گرنگی هه‌ڵبژاردن كه‌ له‌ پێشمانه‌ و ڕێنمایی پێویستیش دران بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر گرفت و ئاسته‌نگه‌كان و هه‌ماهه‌نگی زیاتری نێوان ئۆرگانه‌كان و باشتر جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانیان.

كومیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان

26ی تشرینی یه‌كه‌می 2023

 

ژمارەی دیلە کوژراوە ئیسرائیلییەکان ڕاگەیەندرا
پێت ژمارەی دیلە کوژراوە ئیسرائیلییەکان ڕاگەیەندرا
“دەستێکی دەرەکی لەپشت گرژییەکانی مەخمورەوەن”
دوات “دەستێکی دەرەکی لەپشت گرژییەکانی مەخمورەوەن”
پەیوەنیدر