بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، كارگەیەكی قیر لە عەربەت ئاگری گرت، پاش زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر و هەوڵەکانی تیمی بەرگری شارستانی ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا و کوژایەوە، بەهۆی ئاگرەکەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
بەهۆی فراوانی ئاگرەکە و نزیکیی لە کۆگاکانی عەمبارکردنی قیر و مەترسییەکانی نەتوانرا ئاگرەکە لە ماوەیەکی کورتدا کۆنترۆڵ بکرێت، هاوکات شەوی ڕابردوو بەرگریی شارستانی ڕایگەیاند “تیمەكانیان بەوپەڕی دڵسۆزیی و تواناوە کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەكە، گەرچی هێزی ئاگرەکە هێندە بەتینە بەسەر پۆشاکی ئاگرکوژێنەرەوەش هەستی پێدەکرێت و مەترسیدارە”.
بەیانیی ئەمڕۆش وێنەی تیمەكانیان بڵاوكردووەتەوە، كە لەناوجەرگەی ئاگرەكەوە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی دەدەن و ڕایانگەیاندووە “لە پێناو سەروماڵی هاوڵاتییان بێ وەستان رووبەڕووبوونەتەوە لەگەڵ ئاگرەكە”.
بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، نزیکەی کاتژمێر ٠٥:٣٠ خولەک، لەسەر رێگەی عەرەبەت – سلێمانی، ئاگر لە کارگەیی قیری زینۆن کەوتەوە، زیاتر لە سێ ھەزار و ٥٠٠ تۆن نەوتی رەش و چوار ھەزار تۆن قیری ڕەشی تێدابوو.