دوو ئەندامی كوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بەو هەواڵانەی بڵاوبوونەوە سەبارەت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە ئاشكرای دەكەن، ئەو هەواڵانە ڕاست نیین و تەنها پڕوپاگەندەن.
جەمال كۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دەنگۆی ناردنی مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە ڕاست نییە و منیش تەنها لە میدیاكانەوە بیستوومە و تا ئێستا هیچ لایەنێكی فەرمی پشتڕاستی نەكردۆتەوە.
سەبارەت بە گفتوگۆكانی شاندی هەرێم و عێراق سەبارەت بە بودجە و مووچە و نەوت وتی، “ئاگاداری گفتوگۆكانی شاندی هەرێم نین و هیچمان پێ نەوتراوە”.
ئەمڕۆ لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان هەواڵێك بڵاوكرایەوە، كە “محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی تەواوی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بۆ مانگی 12 داوە”.
لای خۆیەوە د. نەرمین مەعروف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە (دەنگی ئەمەریکا)ی ڕاگەیاندووە “ئەو هەواڵە ڕاست نییە، کە حکومەتی عێراقی مووچەی تەواوی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت، ئەوە هەموو پڕوپاگەندەیە، ئەو شتانە زوو زوو بڵاودەبێتەوە بە ناڕاستی.”
وتیشی، “پێشبینی دەکەم بۆ ساڵی داهاتوو (2023) ڕێککەوتنێک لە نێوان هەرێم و بەغداد ئەنجامبدرێت، کە لە بەرژەوەندی هەرێم و بەغدادیش بێت.”
سەبارەت بە 200 ملیارەكە، د. نەرمین ڕەتیدەکاتەوە، ئەم حکومەتەی ئێستای عێراق پابەندی ئەو ڕێککەوتنە ببێت بۆ بەردەوامی دان بە ناردنی200 ملیارەکە بۆ هەرێم و وتی، “ئەمە ڕێککەوتنی سەردەمی پێشووە، پێم وانیە ئەم حکومەتە بچێتە ژێر باری ئەو 200 ملیارەوە، ڕێککەوتنێک بووە شاندی هەرێم لە کاتی خۆیدا لەگەڵ کازمیدا کردویەتی و لە ناو بودجەی ساڵی 2021 هەبووە، پێم وانییە هیچ بڕە پارەیەکیش بێت بۆ هەرێم هەتا پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق پەسەند نەکرێت.”
لە ساڵی 2014 وە کێشەی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم دروستبووە، حکومەتی ئەو کاتەی عێراق بە سەرۆکایەتی نوری مالکی بەهۆی کێشە و ململانێکانەوە لەگەڵ هەرێم، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، تا دواجار لە ساڵی 2021 ڕێککەوتنێک لە نێوان هەرێم و بەغداد بە سەرۆکایەتی حکومەتی ئەو کاتەی عێراق مستەفا کازمی ئەنجامدرا و بڕیاردرا هەتا گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی مانگانە حکومەتی عێراقی وەک پێشینە 200 ملیار دینار بۆ تەواوکاری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت.