ئەو ئاگرەی لە کارگەیەکی قیر لەسەر ڕێگای عەربەت – سلێمانی کەتۆتەوە بەهۆیەوە کەسێک گیانی لە دەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندارن.
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە شوێنی كەوتنەوەی ئاگرەكە بۆ میدیاكان، كە پەیامنێری (خەڵك) ئامادەی بوو ڕایگەیاند، تا ئێستا بەشێكی زۆری ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ كراوە، كە دەگاتە 80%ی و مەترسییەكانی كەم كردۆتەوە.
ڕاشیگەیاند، سەختی كۆنتڕۆڵ كردنی ئاگرەكە پەیوەندی بە تیمەكانی بەرگری شارستانییەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە جۆر و پێكهاتەی ئاگرەكە و نزیكی لە شوێنی عەمبارەكانەوە هەیە، كە پڕن لە سووتەمەنی، بەڵام لە ئێستادا مەترسییەكانی كەم كراوەتەوە.
ئاشكراشی كرد، بەهۆی ئاگرەكەوە كەسێك گیانی لەدەستداوە و سێ كەسیش بە سەختی سووتاون و ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون بۆ چارەسەر.
سەبارەت بە هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە وتی، “نابێت پێش ڕووداوەكان بكەوین، ئێستا ئەركی ئێمە و بەرگری شارستانی كۆنتڕۆڵ كردنی ئاگرەكەیە تاوەكو مەترسییەكانی كەم بكەینەوە، چونكە تەنها زیانی گیانی و ماڵی نییە، بەڵكو زیانی گەورەی ژینگەیی بە ناوچەكە دەگەیەنێت، بەڵام دوای كۆنتڕۆڵ كردنی ئاگرەكە لیژنەی لێكۆڵینەوە هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە ئاشكرادەكات.