وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ناسراو بە (پنتاگۆن) ڕایگەیاند، “لە ١٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا لە عێراق ١٠ جار و لە سوریا سێ جار و بە گشتی ١٣ جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا”.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)، پاتریک رایدەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵسەنگاندنی بۆ پەرەسەندنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست کرد.
ڕایدەر وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە هێرشەکان لە لایەن ئێران و سوپای پاسدارانەوە پێشتیوانیان لێ دەکرێت، وتی: “ئەگەری ئەوە دەدەین کە لە داهاتوودا هێرشی گرووپەکانی نزیک لە ئێران و بە گشتی ئێران خۆی، بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە زیاد بکات”.
جەختیشی لەوەش کردەوە کە ئەمریکا لە چوارچێوەی بەرگریی ڕەوا لە خۆی، ئامادەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان و کارمەندانی.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەو سێ مووشەکەی لە ١٩ی تشرینی یەکەمەوە لە یەمەنەوە ئاراستەی ئیسرائیل کرا، رایدەر وتی: “مەودای ئەم مووشەکانە ٢ هەزار کیلۆمەترە و ئەگەر نەخرابانە خوارەوە بە ئەگەرێکی زۆر دەگەیشتنە ئیسرائیل”.