بەڕێوەبەری کێڵگە نەوتییەکانی رمێلان، لە رۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا زیانی ئابووری گەورەی بە ژێرخانی ڕۆژئاوای کوردستان گەیاندووە، ملیارێک دۆلاری تێپەڕاندووە.
ڕۆژی سێشەممە، ئەحمەد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کێڵگە نەوتییەکانی رمێلان، لە رۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوا بەهای زیانەکانی ژێرخانی ئابووری، یەک ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوبەریی خۆسەریی، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە تورکیا لە ڕێگەی فرۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە دامەزراوەکانی نەوت، کارەبا و ئاویان لە رۆژئاوا بۆردوومان کرد، هاوکات بەهۆی هێرشەکانەوە دەیان هاووڵاتی سڤیل و ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش گیانیان لەدەستدا، هەروەها ژێرخانی ئابووری رۆژئاوایان پەکخستووەم دانیشتوانەکەیان ناچارکرد ناوچەکە بەجێبهێڵن.
ماڵپەری “نۆرس پرێس” کۆی گشتی زیانە ئابوورییەکانی بڵاویکردەوە، بەپێی نرخە نێودەوڵەتییەکان، نرخی نەوت و غاز، وێستگەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، تێچووی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی و ئەو زیانانەی لە ئەنجامی وەستانی بەرهەمهێنانەوە دروست دەبن، بەهای زیانەکانی بە زیاتر لە یەک ملیار و ٢٧٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێنرێت.