مەولود سابیر بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانیەکان لە وەزارەتی دارایی لەبارەی داهات و پارەی مووچەوە ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت: “مانگانە داهاتی كۆتایی 170 ملیار دینارە و بۆ مووچە و خەرجییەكانی حكوومەت خەرج دەكرێت.”
مهولود سابیر، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند بە هەڵە لێكدانەوەیەك لە بابەتی ئەژماركردن و لێكدانەوەی داهاتی هەرێمی كوردستان هەیە، هەموو داهات بە نەقدی نییە تاوەكوو بۆ مووچە تەرخان بكرێت، بۆ نموونە دەگوترێت ٣٢٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆیە، ئەو لێكدانەوەیە هەڵەیە، بەڵكوو دەبێت داهاتی كۆتایی ئەژمار بكەین، بزانین چەندە.”
دەشڵێت:”داهاتی كۆتایی ئەو بڕەیە، كە وەكوو نەقد دەتوانین بۆ مووچە و پێشینەی فەرمانگەكان و پێداویستیی حكوومەت بەكاری بهێنین، ئێمە لە بانك قەیدمان هەیە، ئەوەش نەقد و كاش نییە، گەڕانەوەی پێشینە و قەرزەكان بە داهات ئەژمار كراوە، ئەوەش داهات نییە، بەڵكوو یەكلاكردنەوە و تەسوییەیە.”
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی لە بارەی داهاتی ناوخۆشەوە وتی”داهاتی نەقد ئەوەی هەیە لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی، مانگانە ١٧٠ ملیار دینارە و داهاتی كۆتاییە.”
” هەندێك لە وەزارەتەكان بەشێكی داهات بۆ خۆیان دەگێڕنەوە و خەرجی دەكەن،بۆ نموونە، لە هاتوچۆ لە وەزارەتی ناوخۆ ٪٢٥ی داهات بۆ خۆیانە و هەموو داهاتەكە بۆ ئێمە نییە، تاوەكو بەكاری بهێنین، لە زۆر لە وەزارەتەكان رێژەیەك لەو داهاتەی دەستیان دەكەوێت و دێتە بانكەكان دیاری كراوە، رێژەكە بۆ خۆیان بەكاری دەهێنن.” مەولود سابیر وای وت.
مهولود سابیر دەشڵێت: “وەكو حكومەت بە شەفافی كار دەكەین و داتاكانیش هەمووی لەبەردەستمانن و بە بەڵگە هەن، بەڵام لە باسی داهات ناتێگەیشتن هەیە، داهاتی كۆتایی ئەوەیە كە ئێمە دەتوانین وەكوو نەقد بۆ مووچە و خەرجییەكانی حكوومەت بەكاری بهێنین، كە چەندین خەرجیی هەیە و بەردەوام پێویستی بە پارە و تەمویل هەیە.”
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە مانگانە پێویستی بە ٩٤٠ ملیار دینار هەیە، ئەوە جگە لە پێشینەی مانگانەی وەزارەتەكان و خەرجییەكانی حكوومەت.
دەشڵێت:”بەهۆی کەمی سیولەو کاش لەبانکەکان کورتهێنان لە داهاتی ناوخۆ بۆ مووچە دروست بووە و لەسەرەتای ئەمساڵەوە داهاتی ناوخۆ بەجۆرێک مامەڵەی لەگەڵ کراوە کە داهاتی مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣ ، بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگی ١٢ ی ساڵی ٢٠٢٢ بەکارهێنراوە و ئەو دۆخە درێژ بۆتەوە تا ئەو کاتەی داهاتی مانگەکانی ٧ و ٨ و ٩ بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگەکانی ٦ و ٧ بەکارهێنراوە کەهەردوو مانگەکە ٥٣٥ ملیار دینار کورتهێنان هەبووەو بەداهاتی ناوخۆی ٣ مانگ پڕکراوەتەوە، ئەوە جگە لەخەرجی بەکاربردن کە مانگانە نزیکەی ١١٠ ملیار دینارەو خەرجی بەرهەمهێنانی کارەباش مانگانە زیاتر لە ١١٠ ملیار دینارە کەهەمووی لە داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت ، ئەوە سەرەڕای دابەزینی بەردەوامی داهاتی ناوخۆی سنوری پارێزگای سلێمانی کەبەردەوام گرفتی بۆ دابەشکردنی مووچە دروست کردووەو ناتوانرێت کورتهێنانی مووچەو خەرجیەکانی پێ پڕ بکرێتەوە”.