شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
قەرەچووغ لە سنووری مەخموور و کەندێناوە و قەراج کە ناوچەیەکی فراوانی تەختایییە، تەنیا شاخێکە ناوچەی کەندێناوە بە مەخموور و قەراجەوە دەبەستێتەوە. لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە، بووەتە خاڵی جیاکەرەوەی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەڵام چیاکە لەژێر دەسەڵات و هەژموونی پێشمەرگەدایە.
لەڕووی ستراتیژیی سەربازییەوە، ئەو هێزەی چیای قەرەچووغی لەدەستدا بێت، واتە ئەو ناوچە فراوان و دەوڵەمەند بە چیمەنتۆ و گەچ و دەغڵودان و بە تایبەتی نەوتی لەژێر دەستدایە. بەداخەوە هەرێمی کوردستان ئەو ڕاستییە نازانێت، بەهۆی ئەوەی ڕاوێژکارەکانی هەرێم گرنگی ناوچەکەیان شی نەکردووەتەوە، ئەگەر لەبەر نهێنی هەواڵگری و سەربازی و زیانگەیاندن بە پێشمەرگە نەبێت، ئێستا قسەی زۆر لەسەر ئەو هێزەی پێشمەرگە لە سنوورەکەن، دەبێت بکرێت!
بەشی زۆری ئەوانەی لە میدیای کوردیدا قسە لەسەر ئەو بابەتە دەکەن، بێ باکگراوندن و شارەزاییان سەبارەت بە لایەنە سیاسی و جوگرافییەکەی ناوچەکە نییە و بە ڕووکەش لەو شەڕەی چیای قەرەچووغ دەڕوانن، تەنیا ئاماژە بە چۆڵکردنی چەند سەنگەرێکی پەکەکە و هاتنی سوپا و حەشد بۆ شوێنەکانیان دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا عێراق فۆکەسی تەواوی لەسەر داگیرکردنی ناوچەکە بە گشتی هەیە، بە تایبەتی چیای قەرەچووغ. بۆ سەلماندنی ئەو قسەیەش، لەو هاوکێشەیەی خوارەوە ورد ببنەوە، ئێستا دوو کیلۆمەترێک دووری چیاکە، ڕێک لەبن چیای قەرەچووغ بە دیوی لای پێشمەرگەوە کە دەڕوانێتە ناحیەی دیبەگە کە تەنیا پازدە خولەکێک لێی دوورە، کارگەیەکی گەورەی چیمەنتۆ لە گوندی خۆشاو هەیە، واتە ڕێک لەبن چیای قەرەچووغ، بەپێی زانیارییەکان ڕۆژانە ئەو کارگەیە زیاتر لە 200 تا 300 بارهەڵگری گەورەی چیمەنتۆ هەناردەی هەولێر و مووسڵ و کەرکووک و سنوورەکانی دیکە دەکات، هەروەها دوو سێ کیلۆمەتریش لەولای کارگەکەوە، پاڵاوگەیەکی گەورەی نەوت هەیە، ئەوە جگە لەوەی دەیان بیرەنەوت لە سنوورەکەدا هەن کە نزیکن لە سەرگەڕان.
بە تێگەیشتنی من “هیوادارم هەڵە بم” ئێستا سوپای عێراق دەیەوێت چیاکە داگیر بکات و لە بەرزاییەوە هەژموونی خۆی بەسەر کارگەی چیمەنتۆ و پاڵاوگە و بیرەنەوتەکان و تەنانەت ناحیەی دیبەگەشدا بسەپێنێت، لە قۆناغی دواتردا بێتە دیبەگە و زوورگەزراو، ئەوانەی شارەزای ناوچەکە نین، پێویستە ئەو ڕاستییە بزانن، کاتێک سوپا دێتە زوورگەزراو، ڕاستەوخۆ کارگە گەورەکەی کارەبای هەولێر دەکەوێتە مەترسییەوە، هاوکات چوارڕیانی هەولێر-مەخموور و سەرگەڕان-دووبز و گوێڕ و مووسڵ دەکەوێتە ژێر هەژموونی سوپای عێراقەوە، ڕێک ئەو خاڵەی پێش ساڵی 2003 کە لەژێر دەسەڵاتی سوپای عێراقدا بوو.
بەداخەوە لەڕووی ئەمنییەوە هەرێمی کوردستان بایەخێکی ئەوتۆی بەو سنوورە گرنگ و ستراتیژی و دەوڵەمەندە نەداوە، ئێستا پاساوێکی زۆر گرنگە پێشمەرگە هێزێکی گەورەتر و بە چەکی قورس و هەمەر و دەیان جۆری دیکەی هۆکارە سەربازییەکان ناوچەکە بپارێزێت، بەپێی زانیارییەکانم مانگی ڕابردوو پێشمەرگە، شەوانە بە هەمەر و هێزێکی گەورەوە لە نزیک کارگەکە و پاڵاوگەکە بۆسە یان خاڵی چاودێری گەڕۆکیان داناوە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر نیەتی بەغدا بۆ داگیرکردنی چیای قەرەچووغ و سنوورەکە، لەدەستدانی ئەو ناوچە دەوڵەمەندە بە سامانی سرووشتییە، کە خەڵکەکەی لە هەژارییەکی سەختدا دەژین، زیانەکەی یەکجار زۆر گەورەیە.
22ی ئۆکتۆبەری 2023