مەلا بەختیار سەبارەت بە خۆپیشاندانی ئەمڕۆی مامۆستایان و فەرمانبەران ڕایگەیاند، بە دڵنیایەوە سەرەتای ڕاچلەکینی خەباتی فراوانتری مەدەنی و پیشەیی دەبێ.
مەلا بەختیار، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك لە پەیامێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “ئەمڕۆ هەزاران مامۆستا، لە ناو سۆز و پشتیوانی ڕای گشتی دا، خۆپێشاندانی مەدەنیانەیان کرد و داکۆکیان لە مافە پیشەیی یە رەواکانیان کرد”.
دەشڵێت: “پڕ بە دڵ دەستخۆشیان لێدەکەم. دڵنیام ئەم خەباتە پیشەیی – مەدەنی یە، لە دوا ئەنجامدا تەواوی مافەکانیان بەدی دێنێ”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، زۆریش گرنگ بوو خۆپێشاندانەکە بە تەواوەتی مەدەنی و هێمن بوو، ڕێگەتان نەدا ئاراستەکەی لە خەباتی پیشەییەوە بۆ سیاسی هیچ لایەنێک بگۆڕدرێ.
مەلا بەختیار دەشڵێت: “دروشمەکان زەق و ڕەق دژی (گەندەڵی) و (دزی) و ( تلیاک و مەیی) و (غروری دەسەڵات) بوون. ئەم دروشمانە هەڵقوڵاوی ناخی مامۆستا و تاک بە تاکی دڵسۆزانی کوردستان بوون. بە دڵنیایەوە سەرەتای ڕاچلەکینی خەباتی فراوانتری مەدەنی و پیشەیی دەبێ.. بەرەو سیستەمێکی دیموکرات و دادپەروەر”.