دوابەدوای كۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی شاندی هەرێم و وەزیری دارایی هەرێم و عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتارێك دەڵێت: “لێكتێگەیشتنی هەولێر و بەغدا بۆ پێدانی مووچە گەیشتۆتە ئاستی ڕەزامەندی”.
ئەمڕۆ شەممە، موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لێکتێگەیشتنی سیاسی لە نێوان بەغدا و هەرێم سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە هەیە و ئەو لێکتێگەیشتنە گەیشتووەتە ئاستی ڕەزامەندی بۆ جێبەجیکردنی ئەو بڕیارە لە لایەن هەردوو لاوە.
ڕاشیگەیاندووە، دوای ئەو کۆبوونەوەیەی دوو ڕۆژ لەمەوبەر، کە هەریەک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی عێراق و هەروەها دیوانی چاودێری دارایی لە خۆگرتبوو، رای هاوبەش هەبوون لەبارەی دابەشکردنی مووچەوە لەلایەن بەغداوە.
وتیشی، “جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە پێویستی بە بەدواداچوونی وەزارەتی دارایی هەیە، بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دابەشکردنی مووچەی ٦٨١ هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستان”.
هەفتەی ڕابردوو بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری دارایی و هەردوو دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە بۆ گفتوگۆ كردن سەبارەت بە كێشەی پشكی بودجە و دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بڕیارە وردەكاری گفتوگۆكان و ڕێكارەكانی چارەسەری ئەو كێشانە بە ڕاپۆرتێك بخرێتە بەردەم سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق.
عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان ڕێككەوتن لەبارەی ئەوە كرا، حكومەتی هەرێمی كوردستان پلان و بودجەیەكی پلانداڕێژراوی هەبێت بۆ خەرجییەكان، چونكە خەرجی بەبێ بودجە كێشەی گەورە دروست دەكات و زیان بە فەرمانبەران دەگەیەنێت”.
ئاشكراشی كرد، گرنگترین خاڵ، كە پێی گەیشتوون ئەوەیە، بڕیاردرا مووچەی فەرمانبەران لە رێگەی بانكە متمانەپێكراوەكانەوە دابین بكرێت، ئەو بانكانە لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە بۆ ئەو مەبەستە پارەدار بكرێن.