دوابەدوای بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بۆ شكاندنی بایكۆت و دەستپێكردنەوەی دەوام، مامۆستایان بڕیاری خۆپیشاندانی سەرتاسەری و دووپات كردنەوەی بایكۆتیان ڕاگەیاند و مەرجەكانیان بۆ شكاندنی بایكۆت ڕاگەیاند.
دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە بەیاننامەیەكدا جەختیان لە بەردەوامی بایكۆت كردەوە و بڕیاریاندا، سبەینێ یەك شەممە لە كاتژمێر 10ی بەیانی لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان خۆپیشاندان ئەنجام بدەن و داواش لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر و دهۆك دەكەن بچنە پاڵ ناڕەزایەتییەكانیان.
مامۆستایان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئاماژەیان بەوەكردووە، ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی ۲۰۲۳/۱۰/۲۲ ڕۆژێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەیە بۆ خەڵکی کوردستان بەگشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی.
دەشڵێن: “تکا لەهەموو چین و توێژەکان دەکەین، کەهەموویان ئامادەبن، چونکە کێشە و قەیران و بێ مووچەیی و گەندەڵی تەنها تایبەت نیە بەمامۆستایان…لەوەش زیاتر هیوادارین خەڵکی ستەمدیدە و مافخوراوی هەولێر و بادینانیش هاودەنگ و هاوهەڵوێستمان بن لەم قۆناغە هەستیار و یەکلاکەرەوەیەدا”.
مامۆستایان داواش دەكەن، “سبەی یەک شەمە دەوام ڕابگیرێت لەوەزارەت و فەرمانگەکان و دوکان و بازاڕەکان دابخرێن، هەموویان بێنە ڕیزی خۆپیشاندەرانەوە”.
لای خۆشیەوە، عەبدولواحید محەمەد، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایگەیاندووە، “کات ماوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و حکومەت دەتوانێت لەداهاتی ناوخۆ مووچەیەک بداتە مامۆستایان”.
مامۆستایان چەند مەرجێكیان داناوە بۆ شكاندنی بایكۆت و كردنەوەی هۆڵەكانی خوێندن و دەڵێن: دەسەڵاتی کوردی چارەسەری خێراتان ئەوێت تا دەوام بکرێتەوە زۆرئاسانە و دەتوان ئەو کارە بکەن:
١ــ پێدانی دوو مووچە.
٢ــ دەست پێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی بێ مەرج، کە دەتوانن ئەو کارە بکەن، کە لەدەسەڵاتی خۆتاندایە و بێ هیچ یاسایەک وەستاندوتانە.
٣ـ بەڵێندان بەدامەزڕاندنی وانەبێژان لەسەرەتای ساڵی داهاتوو تا لە وەرزی دووەم بایکۆت نەکرێتەوە.
4- لەكاتی هەمواری یاسای بودجە ڕازی ببن بەوەی مووچەی مووچەخۆران و مامۆستایان بخرێتە سەر وەزارەتی دارایی عێراق و بانکە عێراقییەکان.