بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە ٢١-١٠-٢٠٢٣، کۆنفرانسی ساڵانەی بانکیی عێراقی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە کۆنفرانسەدا کە عەلی عەللاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی بانکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی و بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم ئامادەی بوون، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد، ساڵانێکی زۆرە لەناو حکومەتدا، گفتوگۆیەک لەسەر ئەوە هەیە کێ دەستپێشخەر بێت، ئێمە یان بانکەکان، لەم کابینەیەدا بڕیارمان داوە ئێمە ئەم پێشەنگایەتییە بکەین، بەم کارەش، یارمەتیدەر دەبین لە دروستکردنی سیستەمێکی بانکیی بەهێز.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە میانی پیشکەشکردنی وتارێکدا، وتی؛ بۆ بارودۆخی ئەمڕۆی عێراق و هەرێمی کوردستان، چاکسازیکردن و پێشخستن و کاراکردنی کەرتی بانکی پێویستییەکی هەرە لەپێشە بۆ هێنانەدی گەشەپێدانی ئابووری.
وتی؛ دروستکردنی سیستەمێکی بەهێز و کاریگەر و چالاکی بانکی ئامانجێکی گرنگی کابینەی نۆیەم بووە، بۆیە کار دەکەین بۆ چاکسازیکردن لە سیستەمی بانکی و بنیاتنانی ژێرخان و بنەمایەکی هاوچەرخ و بەهێز بۆ ئابووری هەرێمەکەمان.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد؛ لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا، خانەنشینانی هەرێمی کوردستان چیتر ناچار نابن چەندین کاتژمێر لە گەرمای هاوین و سەرمای زستاندا بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان لە سەرەدا بن، بەڵکو لە ڕۆژێکی دیاریکراودا، پارەکهیان دەچێتە سەر حیسابە بانکییەکانیان.
هەروەها بازرگانەکانیش چیتر ناچار نابن بە قەبارەیەکی زۆر پارە هەڵبگرن، بەڵکو دەتوانن بە شێوەی ئۆنلاین چاودێری حیسابی بانکیان بکەن و خزمەتگوزارییە داراییەکانیان ئەنجام بدەن.
ئەو کەسانەش کە قەرزی بچووکیان بۆ مەبەستی جۆراوجۆر دەوێت، ڕووبەڕووی پرۆسەیەکی ئاسانتر دەبنەوە، ئەو هاووڵاتییانەی لە ناوەوە یان دەرەوەی وڵات دەیانەوێت پارە بۆ خزم و کەسوکار و خێزانەکانیان بنێرن، چیتر ناچار نابن لە ڕێگەی سەنتەرەکانی حەواڵەوە ئەو کارە بکەن.
وتیشی؛ تا کۆتایی ئەمساڵ، هەزاران فەرمانبەری کەرتی گشتی، لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من) تۆمار دەکرێن و حیسابی بانکیان لە بانکە تایبەتەکانەوە بۆ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی مووچەکانیان لەو ڕێگەیەوە وەربگرن، لە ساڵی داهاتووشدا ئەم پرۆسەیە خێراتر دەبێت، ئێمە پابەندین بەوەی تا کۆتایی ساڵی داهاتوو، یەک ملیۆن مووچەخۆر، حیسابی بانکیان هەبێت و ئەم بەرنامەیەش خێراتر دەکەین و لەم ڕووەوە ئامادەسازیمان کردووە.
مەسرور بارزانی ئەوەشی وت؛ بڕیارمان داوە کە پشتگیری پلانی بەرفراوانبوونی بانکەکان بکەین ئەویش لە ڕێگەی ئەم بەرنامەیەی خوارەوە:
دوای ئەوەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە بانکەکان حیسابیان دەبێت، بە هەمان شێوە کارمەندانی کەرتی تایبەتیش پێویستە ئەو کارە بکەن، بەم شێوەیەش خزمەتگوزاریی بانکی بۆ سەدان هەزار کەس لە کوردستان بەردەست دەبێت.
هاوکات ڕایگەیاند؛ هانی بانکەکان دەدەین کە لقەکانیان لە سەرانسەری کوردستان زیاد بکەن و لە ماوەی دوو ساڵدا، تۆڕی ئامێرەکانی ATM دە هێندەی ئێستا، زیاتر بكرێن، هەروەها کار دەکەین بۆ ئەوەی ئامێرەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە زۆربەی بازاڕ و مارکێتەکانی کوردستان دەستەبەر بێت.
ئاشکراشیکرد؛ پێویستە دان بەوەدا بنێین کە تا ئەمڕۆ بانکەکانی کەرتی گشتی نەیانتوانیوە پێداویستی هاووڵاتییانمان دابین بکەن، پشتبەستن بە پارەی کاش، گەشەی ئابووری ئێمەی سنووردار کردووە و دەرفەتی ساختەکاری و سپیکردنەوەی پارەی ڕەخساندووە، ئەمەش دەبێت گۆڕانکاری بەسەردا بێت.