ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و شاندی هەرێم رێککەوتوون ئەگەر هەرێم پابەندی دابەشکردنی مووچە نەبێت لە کاتی خۆیدا حکومەتی ناوەندی داتابەیسێکی تایبەت بە هەژماری بانکی مووچەخۆرانی هەرێم دروستدەکات و مانگانە لە پشکی هەرێم بەشی مووچە لەرێگەی ئەو هەژمارانەوە دابەشدەکات.
مستەفا گرعاوی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، شاندەکەی هەرێم و حکومەتی ناوەندی رێکەوتن لەسەر دامەزراندنی دەستەیەکی هاوبەش بۆ دروستکردنی داتابەیسێک بۆ مووچەخۆرانی هەرێم.
ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارە بڕگەیەک بۆ ڕێککەوتنەکە زیادبکرێت ئەگەر هاتوو حکومەتی هەرێم پابەند نەبوو بە رێکەوتنەکانییەوە لەگەڵ بەغدا، راستەوخۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەشی مووچەی هەرێم لە شایستەکانی هەرێم جیادەکاتەوە، و بێ دواکەوتن لەرێگەی هەژماری بانکییەوە مووچەی هەرێم دابەشدەکات.
باسی لوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا پێداچونەوە بۆ پابەندییەكانی سەر هەرێمی كوردستان كرا و ئەو پابەندییانەی كە لە بودجەدا چەسپێندراوە و خۆی دەبینێتەوە لە كردنەوەی هەژماری بانكی و رادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان و پێشكەشكردنی تەرازی هەژماری خەرجییەکان.
دەربارەی مووچەی فەرمانبەران ئەو ئەندامە ڕایگەیاند، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بانكە حكومییەكان دادەنرێت یان ئەو بانكانەی كە لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە دانیان پێدا نراوە، دواتر ئەو بڕە پارانە بەو بانكانە دەدرێت و لەرێگەی كارتی ئەلیكترۆنییەوە موچە دابەشدەكرێت.