سەڕەرای فەرمانەکەی وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی ناوەندەکانی خوێندن لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان و ناوچەکانی تر، مامۆستایانی ناڕازی وادەی خۆپیشاندانیان ڕاگەیاند،
ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردە بە نوسراوێکی فەرمی کە ئاراستەی سەرجەم پەروەردەکانی پارێزگای سلیمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین کرد، داوا دەکات رۆژی یەک شەممە 22/10 دەوامی فەرمی لەسەرجەم ئەو ناوەندانەی خوێندن دەست پێبکاتەوە کە بایکۆتیان کردووە، و دوو ڕێنمایی لەو بارەیەوە دەرکرد،
ئالان حەمەسەعید، وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند؛ پڕسى خوێندن لە سلێمانى و هەڵەبجە و راپەڕین لە مەترسیدایە و خوێندکاران لەو ناوچانە لە چێژى خوێندن بێبەشن، ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە کێشەى موچە کێشەیەکى گشتییە و تەنها پەیوەندى بە وەزارەتى پەروەردەوە نییە.
دوای وتەکانی وەزیری پەروەردە مامۆستایانی ناڕازی بڕیاریاندا، ڕۆژی یەک شەممە خۆپیشاندانی سەرتاسەری بکەن و بەردەوامی بایکۆت دووپات بکەنەوە هەتاوەکو مافەکانیان دەستەبەر دەکرێت، هاوکات بەپێی خشتەیەک لەسەرجەم ئەو ناوچانەی بایکۆتیان تیدایە کات و شوێنی خۆپیشاندان دیاریکراوە، و داواش دەکەن سەرجەم هاوپیشەکانیان لەگەڵیان بن بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان.
بڕیار بوو 13/9 زەنگی دەستپێکی خوێندن لەهەرێمی کوردستان لێبدرێت، بەڵام لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ناوچەکانی تر زەنگی بایکۆت لێدرا، ئەمڕۆ 36 ڕۆژ بەسەر بایکۆتی مامۆستایاندا تێدەپەڕێت و داواکاریشیان پێدانی دوو مووچە و بەهەمیشەیی کردنی وانەبێژانە.