وتەبیژی وەزارەتی دارایی رایگەیاند، حکومەتی هەرێم پابەندە بە دابەشکردنی مووچەی سەرجەم مانگەکان و دڵنایی دەدەین مووچە نافەوتێت.
هونەر جەمال وتەبێژی دارایی حکومەتی هەرێم، لەمیانی لێدوانێکیدا بۆ میدیای یەکێتی ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم پابەندە بە دابەشکردنی مووچەی سەرجەم مانگەکان و دڵنایی دەدەین مووچە نافەوتێت.
وتیشی، هیچ گرفتێک لەسەر بابەتی ناردنی ٧٠٠ ملیارەکە بەدی ناکرێت، لەبەر ئەوەی پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق ڕەزامەندی لەسەر ناردنی ئەو بڕە پارەیە داوە، و ئەم مانگە زووتر پارەکە دێت چونکە وەک مانگی پێشوو پێویست بە ڕێکاری زۆری ئیداری نییە، ئێمە نوسراومان کردووە و لەهەفتەی ئایندەدا پارەکە دەگات،
هونەر جەمال ئاماژەی بوەشدا، لەکاتی گەشتنی پارەکەی بەغدا بە دڵنیاییەوە وەک وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم کلیستی مووچەی مانگی ٨ ڕادەگەیەنین و لەماوەیەکی دیاریکراودا سەرجەم وەزارەتەکان مووچە وەردەگرن
ڕاشیگەیاند، هەوڵەکانمان بەو ئاراستەیەیە ئەم بابەتی قەرزە بەردەوام بیت تاوەکو رێککەوتنەکە بەشێوەیەکی جێگیر دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، و ئەو پێشنیارانەی کراون لە یاسای بودجەدا جێبەجێ بکرێت، ئەم هەوڵانەش بۆ ئەوەیە بتوانین شایستەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بکەین.
لە عێراق مووچەی مانگی ١٠ دابەشدەکرێت و حکومەتی هەرێم چاوەڕوانی 700 ملیارەکەی بەغدایە تاوەکو دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ٨ بکات، هاوکات چارەنووسی سێ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تا ئەم ساتە بە نادیاری ماوەتەوە.