هەردوو دەوڵەتی ئەڵمانیا و فەڕەنسا خەڵاتی مافی مرۆڤیان بۆ ساڵی 2022 بەخشیە ژینا ئەمینی و ژنانی ئێران.
كاترین كولۆنا و ئانالیا بیربۆك وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنسا و ئەڵمانیا ئاشكرایانكردووە بە هاوبەشی خەڵاتی مافی مرۆڤی ئەمساڵ دەدەنە ژینا ئەمینی و ژنانی ئێران بە گشتی.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بە ئاماژە بە دروشمی”ژن_ژیان_ئازادی” ڕایگەیاند “ئەو خەڵاتە لەبەر بوێری خەڵكی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران كە داوای ئازادی دەكەن دەبەخشرێت بە ژینا ئەمینی و هەموو ژنانی ئێران”.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش ڕایگەیاند “لە كاتی دەستپێكردنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێرانەوە بە دروشمی ژن ژیان ئازادی، تا ئێستا زیاتر لە ٤٥٠ كەس لە ژن و منداڵ و پیاوی گەلانی ئێران گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ١٨ هەزار كەس دەسبەسەر كراوە، هەر بۆیە لەهەمبەر بوێری ژنانی ئازادیخوازی ئێران، ئەو خەڵاتە پێشكەش بە ژینا ئەمینی و هەموو ژنانی گەلانی ئێران دەكەین”.
ماوەی 87 ڕۆژ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانی گرتووەتەوە بەهۆی كوژرانی ژینا ئەمینی كچە كوردی شاری سەقز كاتی دەستگیركرانی لەلایەن پۆلیسی ئێرشادەوە.