ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ وەبەرهێنەران باسی لەوەکردووە کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، گرنگییەکی زۆری بە پەرەپێدانی پرۆسەی وەبەرهێنان داوە و کاریکردووە لە پێناو پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەکی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی و نەهێشتنی کێشە و ئاستەنگەکان لەبەردەم وەبەرهێناندا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، جەختیان لەوەکردووەتەوە کە تا ئێستا هەنگاوی باش نراون بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان بەڵام ئامانجیان ئەوەیە هەنگاوی زیاتر لەم بوارەدا بنێین.
لەگەڵ ئەوەشدا تیشکیان خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری کاراکردنی سیستەمی بانکی و بەدیجیتەڵیکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بە تایبەتی خزمەتگوزاریی دارایی.
مەسرور بارزانی دەڵێت، سوپاسی وەبەرهێنەران و کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستانمان کرد کە هاوکار و یارمەتیدەر و هەماهەنگکار بوون لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەش بە ئاراستەی گەشەپێدانی ئابووری و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز و ڕەخساندنی زیاتری دەرفەتی کار .
دەشڵێت، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، وەڵامی پرسیارو تێبینی و سەرنج و پێشنیارەکانی ئامادەبووانمان دایەوە کە بە ئامانجی زیاتر برەودان بە پرۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان خرانەڕوو.