حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە بانکی BBAC دەبێتە یەکێکی دیکە لەو بانکانەی بەشداری لە پرۆژەی (هەژماری من) دەکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بانکی BBAC دەبێتە یەکێکی دیکە لەو بانکانەی بەشداری لە پرۆژەی (هەژماری من) دەکات و بەمەش کۆی ژمارەی بانکە بەشداربووەکان دەبێتە چوار بانک کە ئەوانیش بانکی (Ashur، BBAC، Cihan و RT)ن.
ڕاشیگەیاندووە، ئەم کارە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەت بۆ فراوانکردنی پرۆژەکان و دابینکردنی بژاردەی زیاتر بۆ هاووڵاتییان.
جەختیشی كردۆتەوە، پرۆژەی (هەژماری من) دەبێتە هۆی دروست بوونی کێبڕکێیەکی تەندروست لە نێوان بانکەکان و بەگوێرەی پێداویستی هاووڵاتیان، ڕێگە بە سوودمەندان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدات بانکی دڵخوازیان هەڵبژێرن، هەروەها زانیاری ڕوون لەسەر کرێی بانکی و بەرهەم و خزمەتگوزارییەکان دەدات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات لە ئایندەیەکی نزیکدا بانکی زیاتر بخرێتە ناو پرۆگرامەکەوە.
هەموو زانیارییەکان بۆ سوودمەندانی هەرێم لەم ماڵپەڕەدا بەردەستن :
www.myaccount.gov.krd