سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازی لە ئەو منداڵە كەركوكییە دەكات، كە بەهۆی نەخۆشییەوە داوای بەهاناوەچووونی دەكرد و دەڵێت: “ئێمە خۆمان بە خزمەتكاری هەر كەسێك دەزانین كە پێویستی بە هاوكاری و پشتیوانیی ئێمە بێت”.
بەپَی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی سەرۆكی یەكێتی، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە عەباس سالار، ئەو منداڵە كەركوكییەكە كرد، كە دوای نەخۆشكەوتنی داوای بەهاناوەچوون و بینینی بافڵ تاڵەبانی كردبوو.
لە دیدارەكەدا كە ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئامادەبوو، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرەڕای ئەوەی پێشوازییەكی گەرمی لە خانەوادەكەی كرد، جەختیشیكردەوە، دەباشان ماڵی هەموو كوردێكە و ئێمە خۆمان بە خزمەتكاری هەر كەسێك دەزانین كە پێویستی بە هاوكاری و پشتیوانیی ئێمە بێت.
لەبارەی نەخۆشی و داواكارییەكانی عەباس سالار، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، “لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیداین و لە هەر وڵاتێك پێویستی بە چارەسەر بێت، پێكەوە بە هەماهەنگی هەموو هەنگاوێك بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكەی كاكە عەباس دەنێین”.