ئەردۆغان لە داگیركردنی كۆبانێوە بۆ مووشەكبارانی ئەسینا



ئەردۆغان لەباكووری كوردستان لەگەڵ تاتڵیساس گۆرانی كوردی دەڵێ و لە سامسۆن دەڵێت ئەسینا مووشەكباران دەكەم

ئەردۆغان هەرچەندە بە سەركردەیەكی ئیسلامی دەناسرێت و زۆرێك لە حیزب و گرووپە ئیسلامییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك خەلیفەی نوێی مسوڵمانان ناوی دەهێنن، بەڵام ماوەیەكە دەستیداوەتە بەشداریكردن لە كۆنسێرت و گۆرانی وتن لەگەڵ هونەرمەندە بەناوبانگەكان، لەكۆنسێرتەكاندا هەندێكجار گۆرانی دەڵێت و هەندێكجاریش هەڕەشەی مووشەكباران دەكات.

ماوەیەك پێش ئێستا ئەردۆغان لە شاری ئۆرفەی باكووری كوردستان لەگەڵ هونەرمەندی بەناوبانگی توركیا ئیبراهیم تاتڵیساس بەشداری ڕێوڕەسمێك بوو، لەوێ پێكەوە گۆرانیان وت، بە گۆرانی كوردیشەوە.

ئەمجارە ئەردۆغان لە شاری سامسۆنی باكووری توركیا بەشداری كۆنسێرتێكی كرد، بەڵام لەوێ گۆرانی نەوت، بەڵكو هەڕەشەی مووشەكبارانی ئەسینای كرد.

ئەردۆغان دەڵێت: ئێمە دەستمانكردووە بە درووستكردنی مووشەكی تایفۆن، ئەو مووشەكانە دەگەنە ئەسینا، ئەمە یۆنانی ترساندووە، بۆیە دەڵێن ئەسینا مووشەكباران دەكرێت، خۆ ڕاستیشە، بەڵێ بێگۆمان یۆنان بەو جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت، مووشەكبارانیان دەكەین، بە مووشەكی تایفۆن لێیان دەدەین.

ئەم هەڕەشە نوێیانەی توركیا بۆ یۆنان لە حاڵێكدایە، كە ئەردۆغان شكستیهێنا لەجێبەجێكردنی پلانی ئەو هێرشە زەمینییەی بۆ هێرشی سەر ڕۆژئاوای كوردستان داینابوو بەهۆی گووشارەكانی ئەمریكا و ڕووسیاوە.

ئەردۆغان دوێنێش لە پەیوەندییەكدا لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی ڕووسیا جارێكی دیكە داوای كشانەوەی هەسەدەی بە قوڵایی 30 كیلۆمەتر لە سنوورەكانی وڵاتەكەی كردبوو.

ئەردۆغان و كاربەدەستەباڵاكانی دەوروپشتی شەپۆلێك هەڕەشە و گوڕەشەیان لە دوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانی لە 25ی نۆڤەمبەرەوە برەوپێدا بۆ دەستپێكردنی هێرشی زەمینی، بەڵام لەگەڵ هۆشدارییە توندەكانی ئەمریكا خاوبوونەوەیان پێوەدیاربوو.

ئەردۆغان لە گوتارێكدا بۆ لایەنگرانی كە چاودێران بە گوتاری سازشكردن ناویان برد، ڕایگەیاند “هێرشی زەمینی سەر ڕۆژئاوای كوردستان لە هەر ساتێكدا دەبێت، هەر دەكرێت”.

ئەردۆغان لە لێدوانەكانیدا ئەوە خوێندراوەتەوە هەرچەندە ئێستا لە ژێر گووشاری ئەمریكا و ڕووسیا هێرشی زەمینی سەر ڕۆژئاوای ڕاگرتووە، بەڵام وازی لە خواستەكانی بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام بە قوڵایی 30 كیلۆمەتر نەهێناوە.

ئەردۆغان بە ئاشكرا دەڵێت لە هێرشی سەر ڕۆژئاوا ئامانجی دروستكردنی ناوچەی ئارامە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی سووریا و دوورخستنەوەی هەڕەشەكانی یەپەگە و هەسەدە، بەڵام لەناواخندا ئەردۆغان ئامانجەكەی بریتییە لەداگیركردنی ڕۆژئاوای كوردستان و نیشتەجێكردنی گرووپە چەكدارە تیرۆرستییەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە و دوورخستنەوەی هاووڵاتیانی كورد لەوێ.

ڕۆژئاوای كوردستان و یۆنان ساڵانێكە بوونە گۆڕەپانی ململانێی توركیا و دەوڵەتانی ئەمریكا و ئەوروپا، بەتایبەت لەسەر هەوڵەكانی توركیا بۆ گەڕان بە دوای سەرچاوەكانی وزەدا لە خۆرهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاستدا، كە ئەمە ئەمریكا و ئەوروپای زۆر نیگەرانكردبوو.

شەپۆلە سەرماكەی ئەوروپا هەرێم دەگرێتەوە؟
پێت شەپۆلە سەرماكەی ئەوروپا هەرێم دەگرێتەوە؟
دوو برا لە پشدەر كوژران
دوات دوو برا لە پشدەر كوژران
پەیوەنیدر