جەنگ و ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس، ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆلۆنیالیزمی سەدەیەک پێش ئێستا.
لەگەڵ ڕاگەیاندنی شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دوای هێرشی ڕۆژی شەممەی بزووتنەوەی حەماس، چاوەکانی جیهان دووبارە لەسەر ئەوەبوون ئایا ڕووداوەکان بە کوێ دەگات؟
چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشەکانیان بۆ سەر شارۆچکەکانی باشووری ئیسرائیل ئەنجامدا و زیاتر لە ٨٠٠ هاووڵاتی ئیسرائیلیان کوشت، لە بەرامبەردا ئیسرائیل بۆردومانی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و زیاتر لە ٥٠٠ فەلەستینی بەهۆیەوە کوژراون.
هاوکات ئیسرائیل دوو ڕۆژ دوای هێرشەکەی حەماس، “گەمارۆی تەواو”ی کەرتی غەززەی ڕاگەیاند، دابینکردنی خۆراک و سووتەمەنی و کاڵا سەرەکییەکانی دیکەی ڕاگرت.
دەیان ساڵە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕۆژئاوایی، ئەکادیمیستەکان، شارەزایانی سەربازی و سەرکردەکانی جیهان، ململانێی ئیسرائیل و فەلەستینیان بە چارەسەرنەکراو و ئاڵۆز و بنبەست وەسف کردووە.
بەیاننامەی بالفۆر چی بوو؟
پیلانێکی ئیمپریالیستی بووە لەلایەن بەریتانیاوە دژی عەرەب و فەلەستینیەکان.
پێش زیاتر لە ١٠٠ ساڵ، لە ٢ی تشرینی دووەمی ١٩١٧، ئارسەر بالفۆر، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی بەریتانیا، نامەیەکی نووسی کە ئاڕاستەی یەکێک لە کەسایەتییەکانی کۆمەڵگەی جولەکەکانی بەریتانیا بە ناوی لیۆنێل واڵتەر ڕۆتشیڵد کرابوو.
نامەیەکی کورتی ٦٧ وشەیی بوو، بەڵام ناوەڕۆکەکەی کاریگەرییەکی مێژوویی لەسەر فەلەستین هەبوو، تێیدا حکومەتی بەریتانیای پابەند کرد بە “دامەزراندنی ماڵێکی نیشتمانی لە فەلەستین بۆ گەلی جولەکە”، لە کاتێکدا گەلی عەرەبی فەلەستینی زیاتر لە ٪٩٠ی دانیشتووانەکەی پێکدەهێنا.
لە ماوەی ساڵانی ١٩٢٣بۆ ١٩٤٨ ئینگلیزەکان ئاسانکارییان بۆ کۆچی بە کۆمەڵی جولەکەکان کرد، فەلەستینییەکان بەهۆی گۆڕانی دیمۆگرافیای وڵاتەکەیان و دەستبەسەرداگرتنی زەویەکانیان لەلایەن بەریتانیاوە بۆ ئەوەی ڕادەستی دانیشتوانی جولەکەکان بکرێن، تووشی شۆک بوون.
لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٠دا چی ڕوویدا؟
پەرەسەندنی گرژییەکان لە کۆتاییدا بووە هۆی ڕاپەڕینی عەرەبی کە لە ساڵی ١٩٣٦ تا ١٩٣٩ بەردەوام بوو.
لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٣٦دا، کۆمیتەی نیشتمانی عەرەبی تازە پێکهێنرا و داوای لە فەلەستینییەکان کرد کە مانگرتنی گشتی، ڕاگرتنی باج و بایکۆتکردنی بەرهەمی جوولەکەکان ڕابگەیەنن بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا و پەرەسەندنی کۆچبەری جوولەکەکان.
ئەم مانگرتنە شەش مانگییە بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن ئینگلیزەکانەوە سەرکوت کرا، هەڵمەتی دەستگیرکردنی بە کۆمەڵیان دەستپێکرد و ماڵەکانیان ڕووخاند، ئەمەش بەشێکە لەو هەنگاوانەی کە ئیسرائیل تا ئەمڕۆش بەردەوامە لە جێبەجێکردنی دژی فەلەستینییەکان.
قۆناغی دووەمی ڕاپەڕین لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٣٧ دەستی پێکرد و لە لایەن بزووتنەوەی جووتیارانی فەلەستینیەوە سەرکردایەتی کرا، هێزەکانی بەریتانیا و کۆلۆنیالیزمی کردە ئامانج.
تا نیوەی دووەمی ساڵی ١٩٣٩ بەریتانیا ٣٠ هەزار سەربازی لە فەلەستین کۆکردەوە، بۆردوومانی ئاسمانی گوندەکانی کرد، قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندرا، ماڵەکان ڕووخێنران و دەستبەسەرکردن و کوشتنی هاووڵاتیان دەستیپێکرد.
هاوکات ئینگلیزەکان هاوکاریان لەگەڵ کۆمەڵگەی دانیشتوانی جوولەکە کرد و گروپی چەکدار و “هێزێکی دژە یاخیبوون”ی چەکدارانی جولەکەکانیان بە سەرۆکایەتی بەریتانیا پێکهێنا کە ناوی فەوجەکانی شەوی تایبەت بوو.
چەک بە نهێنی هاوردە دەکرا و کارگەی چەک دامەزرا، هێزی سەربازی جوولەکەکان پێکهێنرا کە دواتر بوو بە سوپای ئیسرائیل.
لەو سێ ساڵەی ڕاپەڕیندا پێنج هەزار فەلەستینی کوژران و ١٥ بۆ ٢٠ هەزار بریندار و پێنج هەزار و ٦٠٠ کەسیش زیندانی کران.
پلانی دابەشکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان چی بوو؟
تا ساڵی ١٩٤٧ ژمارەی جولەکەکان بۆ ٣٣٪ی فەلەستین بەرزبووەوە، بەڵام تەنها خاوەندارێتی ٪٦ی زەویەکەیان دەکرد.
نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی ١٨١ی پەسەند کرد، کە داوای دابەشکردنی فەلەستینی بۆ دەوڵەتی عەرەبی و جوولەکە دەکرد، هاوکات فەلەستینییەکان ڕەتیانکردەووە، چونکە نزیکەی ٪٥٦ی فەلەستینی بۆ دەوڵەتی جولەکەکان تەرخانکردبوو، زۆربەی ناوچە بەپیتە کەناراوییەکان و دەریاکانیشی تێدابوو، لە کاتێکدا فەلەستینییەکان خاوەنی ٪٩٤ی فەلەستینی مێژوویی بوون و ٪٦٧ی دانیشتوانی فەلەستینیان پێکدەهێنا.
پاکتاوکردنی نەتەوەیی فەلەستین
بەریتانیا لە ١٤ی ئایاری ١٩٤٨، لەگەڵ هێزە سەربازییەکان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێک کرد بۆ وێرانکردنی شار و گوندەکانی فەلەستین بۆ فراوانکردنی سنوورەکانی دەوڵەتی زایۆنی کە بڕیار بوو لە دایک ببێت.
لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٤٨ زیاتر لە ١٠٠ ژن و پیاو و منداڵی فەلەستینی لە گوندی دێر یاسین لەناو جەرگەی قودس کوژران.
لە ساڵی ١٩٤٧ تا ١٩٤٩ زیاتر لە ٥٠٠ گوند، شارۆچکە و شاری فەلەستینی لە ناوچوون کە فەلەستینییەکان بە نەکبە یان بە زمانی عەرەبی بە “کارەسات” ناوی دەبەن، چونکە بە مەزەندەکردن ١٥ هەزار فەلەستینی تێیدا کوژراون.
بزووتنەوەی زایۆنیستی لە ٪٧٨ی فەلەستینی مێژوویی گرتە دەست، ٪٢٢ی دیکەش دابەشکرا بەسەر ئەو ناوچەیەی کە ئێستا کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو و کەرتی گەمارۆدراوی غەززەیە، هاوکات بە مەزەندەکردن ٧٥٠ هەزار فەلەستینی بە زۆرەملێ ماڵەکانیان جێهێشتووە.
ئەمڕۆ نەوەکانیان وەک شەش ملیۆن پەنابەر لە ٥٨ کەمپدا لە سەرانسەری فەلەستین و لە وڵاتانی دراوسێی لوبنان، سوریا، ئوردن و میسر دەژین.
لە ١٥ی ئایاری ١٩٤٨ ئیسرائیل دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند، ڕۆژی دواتر یەکەم شەڕی عەرەب و ئیسرائیل دەستی پێکرد و شەڕ لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٩ دوای ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل، میسر، لوبنان، ئوردن و سوریا کۆتایی هات.
لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٨، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی ١٩٤ی پەسەند کرد کە داوای مافی گەڕانەوەی پەنابەرانی فەلەستینی دەکرد.
ساڵانی دوای پاکتاوکردنی فەلەستینییەکان
زیاتر لە ١٥٠ هەزار فەلەستینی لە دەوڵەتی تازە دروستکراوی ئیسرائیلدا مانەوە و نزیکەی ٢٠ ساڵ لە ژێر داگیرکارییەکی سەربازیی توند کۆنتڕۆڵکراودا ژیان، پێش ئەوەی لە کۆتاییدا ڕەگەزنامەی ئیسرائیلیان پێبدرێت.
میسر دەستی بەسەر کەرتی غەززەدا گرت و لە ساڵی ١٩٥٠ ئوردن دەسەڵاتی ئیداری خۆی بەسەر کەرتی ڕۆژئاوادا دەستپێکرد.
لە ساڵی ١٩٦٤ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین-PLO پێکهێنرا، دوای ساڵێک پارتی سیاسی فەتح دامەزرا.
داگیرکاری ئیسرائیل
لە ٥ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧ئیسرائیل تەواوی فەلەستینی داگیرکرد، لەوانە کەرتی غەززە، کەناری ڕۆژئاوا، قودسی ڕۆژهەڵات، بەرزاییەکانی جۆلانی سوریا و نیمچە دورگەی سینای میسر لە کاتی شەڕی شەش ڕۆژەدا دژی هاوپەیمانییەکی سوپای عەرەبی، بۆ هەندێک لە فەلەستینییەکان ئەمە بووە هۆی ئاوارەبوونی زۆرەملێی دووەم.
لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٦٧ بەرەی جەماوەری مارکسی لینینی بۆ ڕزگاری فەلەستین پێکهێنرا.
دانیشتوانی جولەکەکان هەموو ماف و ئیمتیازاتەکانی هاوڵاتی ئیسرائیل بوونیان پێدەدرا، لە کاتێکدا فەلەستینییەکان دەبوو لە ژێر داگیرکارییەکی سەربازیدا بژین، هەر جۆرە دەربڕینێکی سیاسی یان مەدەنی قەدەغە بوو.
یەکەم ڕاپەڕین ١٩٨٧-١٩٩٣
یەکەمین ڕاپەڕینی فەلەستینی لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٧ لە کەرتی غەززە دەستیپێکرد، پاش گیانلەدەستدانی چوار فەلەستینی، بەهۆی پێکدادانی بارهەڵگرێکی ئیسرائیلی لەگەڵ دوو پاسی بچووک کە کرێکارانی فەلەستینییان تێدابوو.
ناڕەزایەتییەکان بە خێرایی بەرەو کەرتی ڕۆژئاوا بڵاوبوونەوە و گەنجانی فەلەستینی بەردیان بەسەر تانک و سەربازەکانی سوپای ئیسرائیلدا دەهاویشت، هەروەها بزووتنەوەی حەماس دامەزرا کە لقێکی ئیخوان موسلیمین بوو، هێرشی چەکداریان لە دژی داگیرکاری ئیسرائیل ئەنجامدەدا.
بەشێوەیەکی سەرەکی ڕاپەڕین لەلایەن گەنجانەوە بەڕێوەبرا، کە هاوپەیمانییەک لە لایەنە سیاسییەکانی فەلەستین پابەندبوون بە کۆتاییهێنان بە داگیرکاری ئیسرائیل و دامەزراندنی سەربەخۆیی فەلەستین، لە ساڵی ١٩٨٨ کۆمکاری عەرەبی دانی بە ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین دا وەک تاکە نوێنەری گەلی فەلەستین.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئیسرائیلی B’Tselem، لە کاتی ڕاپەڕیندا ١٠٧٠ فەلەستینی بە تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراون کە ٢٣٧یان منداڵ بوون، هەروەها زیاتر لە ١٧٥ هەزار فەلەستینی دەستگیر کران.
ساڵانی ئۆسلۆ و دەسەڵاتی فەلەستین
ڕاپەڕین بە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکانی ئۆسلۆ لە ساڵی ١٩٩٣ و پێکهێنانی دەسەڵاتی فەلەستین کۆتایی هات، کە حکومەتێکی کاتی بوو و لە کەرتی ڕۆژئاوای داگیرکراو و کەرتی غەززەدا دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری سنوورداری پێدرا.
لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتی داننرا بە ئیسرائیلدا و ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین بە شێوەیەکی کاریگەر ڕێککەوتنەکانی واژۆ دەکرد، کۆنترۆڵی ٪٦٠ی کەناری ڕۆژئاوا و زۆربەی سەرچاوەکانی زەوی و ئاوی خاکەکەی بە ئیسرائیل بەخشی.
لە ساڵی ١٩٩٥ ئیسرائیل سیاجێکی ئەلیکترۆنی و دیوارێکی کۆنکرێتی لە دەوری کەرتی غەززە دروستکرد، ئەمەش پەیوەندی نێوان خاکە دابەشبووەکانی فەلەستینی پچڕاند.
ڕاپەڕینی دووەم
ڕاپەڕینی دووەم لە ٢٨ی ئەیلولی ٢٠٠٠ دەستی پێکرد، کاتێک ئاریێل شارۆن سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی لیکود سەردانێکی ئیستفزازی بۆ کۆمەڵگەی مزگەوتی ئەقسا ئەنجامدا لەگەڵ هەزاران هێزی ئەمنی کە لەناو شاری کۆن و دەوروبەری قودسدا جێگیرکرابوون.
لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان خۆپیشاندەرانی فەلەستینی و هێزەکانی ئیسرائیل لە ماوەی دوو ڕۆژدا، پێنج فەلەستینی کوژران و ٢٠٠ کەسیش بریندار بوون، ئەم ڕووداوە ڕاپەڕینێکی چەکداری بەربڵاوی لێکەوتەوە، لە سەردەمی ڕاپەڕین ئیسرائیل زیانێکی کاریگەری بە ئابووری و ژێرخانی فەلەستین گەیاند.
ئیسرائیل ئەو ناوچانەی کە لەلایەن دەسەڵاتی فەلەستینەوە بەڕێوەدەبرا داگیرکردەوە و دەستیکرد بە دروستکردنی دیوارێکی دابڕان کە هاوکات لەگەڵ بنیاتنانی نیشتەجێبوونی بەربڵاو، بژێوی و کۆمەڵگەی فەلەستینییەکانی لەناوبرد.
لەو کاتەی ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ واژۆ کرا، زیاتر لە ١١٠ هەزار دانیشتووی جوولەکە لە کەناری ڕۆژئاوا دەژیان، لەنێویاندا قودسی ڕۆژهەڵات، ئەمڕۆ ئەو ژمارەیە زیاتر لە ٧٠٠ هەزار کەسە کە لەسەر زیاتر لە ١٠٠ هەزار هێکتارزەوی دەژین کە لە فەلەستینییەکان زەوت کراوە.
یاسر عەرەفات، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین لە ساڵی ٢٠٠٤ کۆچی دوایی کرد، پاش ساڵێک لە ڕاپەڕینی دووەم کۆتایی هات، نیشتەجێبوونی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە هەڵوەشایەوە و سەربازانی ئیسرائیل و ٩ هەزار دانیشتووی ئەو ناوچەیەیان بەجێهێشت.
پاش ساڵێک فەلەستینییەکان بۆ یەکەمجار لە هەڵبژاردنی گشتیدا دەنگیان دا، حەماس زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بەڵام شەڕی ناوخۆی فەتح و حەماس سەریهەڵدا و چەند مانگێکی خایاند، لە ئەنجامدا سەدان فەلەستینی گیانیان لەدەستدا.
حەماس فەتحی لە کەرتی غەززە دەرکرد و فەتح – حزبی سەرەکی دەسەڵاتی فەلەستین – دەستی بە کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە کەرتی ڕۆژئاوا کردەوە.
لە حوزەیرانی ٢٠٠٧ ئیسرائیل گەمارۆی وشکانی و ئاسمانی و دەریایی بەسەر کەرتی غەززەدا سەپاند و حەماسی بە “تیرۆر” تۆمەتبار کرد.
شەڕەکانی کەرتی غەززە
ئیسرائیل چوار هێرشی سەربازی درێژخایەنی بۆ سەر غەززە دەستپێکردووە کە بریتین لە ساڵانی ٢٠٠٨، ٢٠١٢، ٢٠١٤ و ٢٠٢١، تا ئێستا هەزاران فەلەستینی کوژراون کە ژمارەیەکی زۆریان منداڵن و دەیان هەزار ماڵ و قوتابخانە و بینای فەرمانگەکان وێران بوون.
ئاوەدانکردنەوە مەحاڵ بوو، چونکە گەمارۆدانەکە ڕێگری دەکرد لە گەیشتن بە کەرەستەی بیناسازی وەک پۆڵا و چیمەنتۆ بۆ غەززە.
هێرشەکەی ساڵی ٢٠٠٨ بریتی بوو لە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، وەک گازی فسفۆر، لە ساڵی ٢٠١٤ و لە ماوەی ٥٠ ڕۆژدا ئیسرائیل زیاتر لە ٢١٠٠ فەلەستینی کوشتووە کە هەزار و ٤٦٢ کەسیان هاووڵاتی مەدەنی و نزیکەی ٥٠٠ منداڵی تێدابووە.
لە میانەی ئەو هێرشەدا کە لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە ناوی ئۆپەراسیۆنی لێواری پارێزەر بوو، نزیکەی ١١ هەزار فەلەستینی بریندار بوون و ٢٠ هەزار ماڵ وێران بوون و نیو ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون.
سەرچاوە: Al Jazeera