دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە بەردەوامە، بەڵام سەبەتەكانی خۆراك لە 12 مانگەوە بۆ 10 مانگ كەم بۆتەوە.گ
بەپێی بڕیاری وەزارەتی بازرگانی عێراق، دەست بە دابەشكردنی هەشتەمین سەبەتەی بەشەخۆراكی ئەمساڵ كراوە، كە پێكهاتوون لە برنج و شەكر و زەیت و دۆشاوی تەماتە و پاقلەمەنییەكان.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (خەڵك) لەماوەی ئەمساڵدا، كە ئێستا مانگی 10یە تەنها 8 سەبەتەی بەشەخۆراك دابەشكراوە، كە دەبوو 10 سەبەتەی خۆراكی دابەش بكرایە و بەو پێیەش تا كۆتایی ساڵ تەنها 10 بەشەخۆراك دابەش دەكرێت.
بەپێی وتەی هاووڵاتیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەشەخۆراكی هاووڵاتیان بۆ 10 سەبەتە كەم كراوەتەوە، كە دەبوو 12 سەبەتە دابەش بكرایە، هەرچەندە جۆرەكانی بەشەخۆراك لەچاو ساڵانی ڕابردوو زۆر باشتر بوون.
بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە، (خەڵك) پەیوەندی كرد بە شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراكی سلێمانی، بەڵام پەیوەندییەكەی بەردەست نەبوو.
بەپێی بڕیاری وەزارەتی بازرگانی، هەر هاووڵاتییەك مانگانە بڕی 3 كیلۆ برنج و كیلۆیەك شەكر و یەك لیتر زەیت و یەك قتوی 400 گرامی دۆشاوی تەماتە و نیو كیلۆ نیسك و نیو كیلۆ فاسیۆلیا یان لەتكەنۆك دابەش دەكرێت.