هاتووچۆی سلێمانی سزای بۆ خاوەنی ئۆتۆمبیلی بارهەڵگرەکان ڕاگەیاند، کە لە ناو گەڕەک و کۆڵانەکانی ناو شاردا ئۆتۆمبیلەکانیان ڕادەگرن.
دانا عوسمان، نوێنەری هاتووچۆی سلێمانی لە قائیمقامیەت ڕایگەیاند، تیمەكانی هاتووچۆ و قائیمقامیەتی سلێمانی، دەگەڕێن و چاودێریی گەڕەك و كۆڵانەكان دەكەن، هەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە گەڕەك و كۆڵانەكاندا ڕاگیرابێت خاوەنەکەی سزا دەدرێت.
وتیشی، ” لە ئەگەری دووبارەكردنەوەی سەرپێچییەكە، خاوەنەکەی رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا دەگیرێت”.
هاوکات نوێنەری هاتووچۆی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، ” ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان لە گەڕەك و كۆڵانەكانی شاری سلێمانی قەدەغەیە، بە تایبەتی بارهەڵگری سووتەمەنییەكانی وەک بەنزین، نەوتی سپی، گازوایل و غاز لەبەرئەوەی بوونی ئەو جۆرە بارهەڵگرانە مەترسین بۆ سەر سەلامەتیی هاوڵاتییان”.
دانا عوسمان، باسی لەوەشکرد، “هەر شۆفێرێكی بارهەڵگر نەیتوانی بارهەڵگر یاخود تانكەرەكەی لە گەراجی گشتی رابگرێت دەتوانێت بارهەڵگر یاخود تانكەرەكەی لە گەراجی تایبەت کە دەکەوێتە پشتی عەلوە نوێیەكەی رۆژهەڵاتی سلێمانی، یاخود لە تێرمیناڵی نوێی سلێمانی ڕابگرێت”.