دوابەدوای ڕێكەوتنی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم، لەسەر پاراستنی سنورەكان بە هاوبەشی لەلایەن پاسەوانی سنورەوە، دەنگۆی داخستنی بارەگاكانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران، دەبێتە جێگەی باس، بەشێك لە ڕاگەیاندنەكان ئاماژە بەوە دەكەن، دوای جێبەجێكردنی جێگیركردنی پاسەوانی سنورەكان بە هاوبەشی و كۆنتڕۆڵی سنورەكان، لە قۆناغی دووەمدا، باس لە داخستنی بارەگای حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران دەكرێت، لەلایەن حكومەتی عێراقیەوە، بەتایبەت، ئەو بارەگایانەی بۆ چالاكی و پەروەردەی سەربازی بەكار دەهێنرێن.
لەو بارەیەوە بەرپرسێكی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران دەڵێت: ئەوان بەدەرلەوەی ئاگاداری ئەو دەنگۆیانە نین، ئەگەر بڕیارێكی بەوشێوەیەش بدرێت، پێوەی پەیوەست نابن.
نەوید مێهراوەر ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لە وەڵامی داخستنی بارەگاكانی حزبەكەیاندا بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت ” ئێمە ڕێككەوتنمان لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەیە، كە هی ئێستاش نییە هی پێشترە، ئێمە خاكی هەرێمی كوردستان بەكارناهێنین، بۆ ئەوەی كاری سەربازی بكەین لە ناوەوەی ئێران، بەو ڕێككەوتنەوە خۆمان پابەندین، هیچ جوڵەیەكی سەربازی و پێشمەرگانەمان لەو بارەیەوە نییە، هیچ شتێكی تازەش لەبارەی داخستنی بارەگاكانمانەوە بە ئێمە نەوتراوە، نە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە، نە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە.”
هەر سەبارەت بەم بابەتە تا ئێستا نە حكومەتی هەرێمی كوردستان و نە حكومەتی عێراقی وردەكاری ڕێككەوتنی هاوبەشی نێوانیان ئاشكرا نەكردووە، بەڵام نەوید مێهراوەر دەڵێت “ئێمە پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ خەڵكی هەرێمی كوردستاندا هەیە بۆیە بابەتەكە ئاڵۆزەو هەر بڕیارێك لەوە بارەیەوە، جێبەجێكردنی ئاسان نیی”.
دەشڵێت ” ئێمە بنكەو بارەگاكانمان وەك پێشتریش وتومانە، بنەماڵەو خانەوادە و ژن و منداڵی تێدایە، بۆیە داخستنی كەمێك كارێكی ئاسان نییە، كارێكی پركێشەیە، بەڵام ئەگەر هاتوو حكومەتی عێراقی گوشاری وای خستە سەرمان، بە ئاسانی مل نادەین و ئامادە نین بۆ ئەو كارە، ڕێگەچارەی مەدەنی و نێونەتەوەیی دەگرینە پێش بۆ ئەوەی بەرگری لە خەڵكەكەی خۆمان بكەین.”
دەربارەی وردەكاری ئەو ڕێگایانەی دەیگرنەبەر، لە ئەگەری ناچاركردن یان سەپاندنی بڕیارێكی لەو شێوەیەدا، ئەو بەرپرسە ئاماژە بەوە دەكات، ئەوان قایمترین شوێن بۆیان دڵی كوردانی ئێرانە، و ئامادەن ناوەندی كاری سیاسی و سەربازیان ببەنەوە ئێران ” ڕوو دەكەینە چیاكانی كوردستان، ئەگەر بیانەوێ كەمپەكانمان لێ دابخەن، ناتوانن چیاكانی كوردستانمان لێ بگرن، ئێمە هەوڵ دەدەین لەوێ بمێنینەوە، درێژە بەكاری خۆمان بدەین، لەبەر پێگە و بەرژەوەندی خەڵكی باشورو حكومەتی هەرێم، ئێمە هەندێك كاروباری خۆمان وەلاوە ناوە، وەك هەڵسوڕانی پێشمەرگانە و كاروباری سەربازی، ئەگەر گوشاری وامان بێتە سەر دەست دەدەینەوە بەوكارانە.”
دوای هێرشەكانی ئێران بۆسەر بنكەو بارەگاكانی حزبەكان ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران و دوبارەبوونەوەی بۆچەند جارێك، حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق ڕایانگەیاند، ڕێككەوتنێكی هاوبەشیان كردووە بۆ بەڕیوەبردنی سنورەكان بە هاوبەشی و بۆ ئەمەش چەند لیوایەكی هاوبەش پێكدەهێنن و هەر لەو چوارچێوەیەشدا چاودێران ئاماژە بەوە دەكەن بەشێكی تری ڕێككەوتنی نێوانیان فشارخستنە سەر حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێرانە بۆ ڕاگرتنی چالاكییە سەربازییەكان و تەنانەت داخستنی بارەگاكانیشیان لە ناو خاكی هەرێمدا، بۆ پارێزگاریكردنی هەرێم لە هێرشەكانی ئێران.
بەپێی بەشیك لە میدیا عێراقییەكان، لە ڕێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم، هەنگاوی دووەم داخستنی بارەگای حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێرانە، بەڵام یەكێك لە بەرپرسانی كۆمەڵە دەڵێت ئێمە پێوەی پەیوەست نابین و ئەگەر ناچاربكرێن پەنا دەبەنە بەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.