ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، “تورکیا بەردەوام دەبێت لە چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە لە سوریا و عێراق”.
تورکیا چڕ کردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند، پاش تەقینەوەکی ئەنقەرە کە پەکەکە بەرپرسیاریەتییەکەی گرتەئەستۆ، ئەردۆغان وتی: ” بەردەوامدەبین لە چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان، نیشانی هێزە چەکدارەکانی دەدەین کە لە هەر شوێنێک و کاتێکدا ئێمە توانای لەناوبردنیانمان هەیە”.
ئەردۆغان ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، تورکیا “بە سەرکەوتوویی قۆناغی یەکەمی بۆردومانەکەی تەواوکردووە، ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان”.
هاوکات هەفتەی ڕابردوو تورکیا دەیان شوێنی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەری کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کردە ئامانج، لەوانە بارەگا سەربازییەکان و دامەزراوە ژێرخانیەکان.
تورکیا ڕایگەیاندووە، ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی ئەنقەرە لە سوریاوە هاتوون و لەوێ مەشقیان پێکردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە ڕەتکرایەوە.
ناوبەناو تورکیا بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەو ناوچانە دەکاتە ئامانج کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کۆنترۆڵکراون.
لە ساڵی ٢٠١٦ەوە تورکیا سێ ئۆپراسیۆنی سەربازیی لە سوریا دەستپێکردووە و بە شێوەیەکی سەرەکی شەڕڤانانی کورد دەکاتە ئامانج، کە ئەنقەرە لە مێژە ڕایدەگەیەنێت هەوڵی دوورخستنەوەیان لە ناوچە سنوورییەکان دەدات.