مەسرور بارزانی: دەبێت مووچه‌خۆرانی هه‌رێمیش مانگانه‌ مووچە وەربگرن



سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕایدەگەیەنێت،ه‌ پێویسته‌ وه‌ك هه‌موو ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق، مووچه‌خۆرانی هه‌رێمیش، مانگانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی و له‌ ڕێگه‌ی دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم مووچه‌كانیان وه‌ربگرن.

ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ڕاوێژكارانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ كرد و له‌ دیداره‌كه‌دا، كورته‌یه‌كی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ و كێشه‌ و ناكۆكییه‌كانی هه‌ردوولا و ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ركردنیان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و ڕێككه‌وتنه‌كان خسته‌ڕوو.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە، له‌ دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس، هه‌رێمی كوردستان، به‌شدارییه‌كی كارا و كاریگه‌ری له‌ دروستكردنه‌وه‌ی عێراقی نوێ و پڕۆسه‌ی سیاسی كرد به‌و ئامانجه‌ی ده‌وڵه‌تێكی دیموكرات و فیدراڵ شوێنی ڕژێمی دیكتاتۆریی پێشووی عێراق بگرێته‌وه‌. به‌شداریی‌ هه‌رێمی كوردستانیش، له‌سه‌ر بنه‌مای له‌به‌رچاوگرتنی هه‌رسێ پره‌نسیپی سه‌ره‌كی، هاوبه‌شایه‌تی و هاوسه‌نگی و سازان بوو. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دواتر هه‌وڵی په‌راوێزخستن و لاوازكردنی قه‌واره‌ی یاسایی و ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان درا.

وتیشی، “پێویسته‌ ڕێز له‌ ده‌ستوور و سیسته‌می فیدراڵی عێراق بگیرێت و به‌هێز بكرێت و په‌ره‌ی پێ بدرێ و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بكرێت نه‌ك به‌ عه‌قڵییه‌تێكی مه‌ركه‌زی”.

ئاماژەی بەوەشكرد، عێراق له‌ ڕووی سامانی سرووشتی و مرۆییه‌وه‌، وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی جیۆپۆله‌تیكی گرنگه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا و ته‌نیا پێویستی به‌ به‌ڕێوه‌بردنێكی باش هه‌یه‌، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كسان و دادپه‌روه‌رانه‌، هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هاووڵاتییان و پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی بكات.

له‌باره‌ی كێشه‌ و ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كورستان و حكومه‌تی فیدراڵیش، سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، ئه‌گه‌ر خواست و ئیراده‌ و نیازپاكی هه‌بێت، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان سه‌خت نین.

دەشڵێت: “په‌رۆشی و ئاماده‌یی خۆمان بۆ چاره‌سه‌ركردنی بنه‌ڕه‌تی و یه‌كجاره‌كیی‌ كێشه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و ڕێككه‌وتنه‌كان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ و پشتیوانیش له‌ كارنامه‌ی حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیران محه‌مه‌د شیاع سودانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌كه‌ین. به‌ تایبه‌تی كێشه‌ی مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم، كه‌ پێویسته‌ وه‌ك هه‌موو ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق، مووچه‌خۆرانی هه‌رێمیش، مانگانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی و له‌ ڕێگه‌ی دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم مووچه‌كانیان وه‌ربگرن”.

شانده‌كەش ڕایگەیاندووە، ئێستا نیازپاكی له‌ هه‌ردوولادا هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و پێویسته‌ ئه‌و كه‌ش و ده‌رفه‌ته‌ ئه‌رێنییه‌ی دوای سه‌ردانی شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ به‌غدا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، له‌ ده‌ست نه‌درێت و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.

پێشەوا هەورامی: ئەوەی واژۆی لەسەر مووچەی ڕاستەوخۆ لە بەغداوە كردووە نابەرپرسە
پێت پێشەوا هەورامی: ئەوەی واژۆی لەسەر مووچەی ڕاستەوخۆ لە بەغداوە كردووە نابەرپرسە
مووچەی سێ مانگی داهاتوو چی لێ دێت؟
دوات مووچەی سێ مانگی داهاتوو چی لێ دێت؟
پەیوەنیدر