شەهادە یا شەهادەت ؟



شەماڵ محەمەد

ئیبن خەلدون ، گەورە کۆمەڵناس و مێژونوسی ئیسلامی خاوەنی وردترین و ڕاستترین لێکۆڵینەوەیە لەسەر عەرەب ، لە یەکێک لە وتە بەناوبانگەکانی دەڵێ “عەرەب ناتوانن ببن بە خاوەنی هیچ ئەگەر بەرگێکی ئاینیی بەبەردا نەکەن ، یاخود کەسێکی گەورەیان بەسەرەوە نەبێ “.

ئەوەی مێژوی عەرەب بخوێنێتەوە دەزانێ کە عەرەب هەمیشە پێویستیی بە دەقێکی موقەددەس یا کەسێکی موقەددەس هەبوە تا مل بدا بۆ حەق و قبوڵی بکا ، سروشتی عەرەب وایە ، ئیبن خەلدون لەبارەی سروشتی عەرەب دەڵێ ” عەرەب سروشتێکی وەحشیانەیان هەیە و بە ئاسانی نایەنە ژێرباری ڕاستی ، خۆبەزلزان و توندن و حەزیان بە سەرۆکایەتی و کێبڕکێ هەیە و بە ئاسانی کۆ ناکرێنەوە و ڕێک ناکەون “.

ڕەنگە سروشتی توندی عەرەب یەکێک بێ لەو هۆکارانەی کە وایکردوە زۆرترین پەیامبەر لە ناوچەی ئەواندا دەربکەون ، چونکە ئەوان بەبێ دەقی موقەددەس و سەرکردە هەرگیز ناتوانن وەک مرۆڤی ئاسایی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و ئارام پێک بهێنن  لەم بارەیەش دیسان ئیبن خەلدون دەڵێت؛” عەرەب تەنها بە پەیامی ئاسمانی دەبن بە مرۆڤ ئەگەر پەیامی ئاسمانییان لێ بسەندرێتەوە دەبن بە ئاژەڵ”.

مێژوی دور و نزیک بخوێنەوە ، قسەکانی ئیبن خەلدون وەک نەقشی سەر بەردن ، ئیسلام پەیامێکی پیرۆز و جوانی هێنا ، سەردەمی پەیامبەر د.خ و چوار یاوەرە بەرێزەکانی سەردەمی زێڕین بون و عەرەب بون بە مرۆی بەڕێز و خاوەن پەیام ، بەڵام بەداخەوە زۆری نەبرد گەڕانەوە سەر سروشتی خۆیان و دەستیان کردەوە بە شەڕ و ئاژاوە و داگیرکاری و خوێنڕێژی.

عەرەب دەستیان کرد بە داگیرکردنی گەلانی سادە ، هەروەک ئیبن خەلدون دەڵێ ” عەرەب تەنها دەتوانن بەسەر نەتەوەی سادە و فەقیردا زاڵ بن، هەر جێگایەکیش عەرەب دەستی پێگەیشت ئەوا بەرەو وێرانبون و کاولکاری دەچێت “.

با زۆر نەچینە قوڵایی مێژو ، هەر سەرنجی کێشە فەڵستین بدە ، نزیکەی سەدەیەکە عەرەب و یەهودی کراون بە دوژمن ، لەڕاستیدا خۆی مەسەلەکە سیاسییە بەڵام تەنگژەکان ئەگەر بەرگێکی موقەددەسیان بەبەردا نەکرێ خەڵکی گرنگییان پێنادات چ جای قوربانیدان بە ماڵ و گیان لەپێناوی !.

زایۆنییەکان و سیاسییە بازرگانەکانی عەرەب وەک یەک مەسەلەی فەڵەستین و قودسیان پیرۆز کردوە لەپێناو بەدەستهێنانی سۆزی بڕواداری سادە و لەو پێناوەشدا سەدان هەزاریان لە هەردولا بەکوشتداوە و بەردەوامیشن لە بەکوشتدانی خەڵک، بەڵام ئایا خودا فەرمانی بەم جۆرە کارانە کردوە؟ ئایا مرۆڤ گرنگترە یا دار و بەرد و مزگەوت ؟ ئایا خودا فەرمانی کردوە مزگەوتێک یا پارچە زەوییەک سەدان هەزار خەڵکی لەپێناودا بکوژرێ؟.

خودا هەمو جیهانی خستۆتە خزمەتی مرۆڤ و لەلای خودا مرۆڤ ئامانجە و هەمو جیهانیش ئامراز ، ئاینیشی هەر بۆ خۆشبەختیی مرۆڤ ناردوە ، کەواتە مرۆڤ لە ئاینیش گرنگترە ، بەو پێیەش ناشێ تۆ مرۆڤەکان بکەیتە قوربانیی جیاوازیی باوەڕ و تێفکرین و چۆنیەتیی نزیک بونەوە لە خودا.

خودا چونکە مرۆڤەکانی جیاواز دروست کردوە ڕێگاکانی گەیشتن بە خودی خۆیشی جیاوازن ، هەمومان دەتوانین بە خودا بگەین بەڵام مەرج نییە هەمومان هەمان ڕێگە بگرینەبەر .

بازرگانانی ئاین و خوێن دەیانەوێ نوێنەری خودا بن لەسەر زەوی ، ئەوان لە خۆیان زیاتر کەسیان قبوڵ نییە ، خودا هەر هی خۆیانە و هەمو ئەوانی تر کافر و گومڕا و ئەهلی دۆزەخن ، پەیامی ئەوان کوشتن و داگیرکردن و خوێنڕشتنە لە کاتێکدا پەیامەکانی خود بۆ ئاشتەوایی و پێکەوەژیان و بەختەوەری دابەزیون ، لەوەشدا عەرەب و یەهودی و کورد و هەمو نەتەوەکان وەک یەکن ، مەسەلەکە شێوازی تێفکرینە .

سەرکردەکانی کورد -بەتایبەت ئەوانەی سەرسامن بە کەلتوری عەرەب- هەمان تێڕوانینی عەرەبیان هەیە ، ئاخر کوردیش ماوەیەکی زۆر ژێردەستەی عەرەب بوە ، وەک ئیبن خەلدونیش دەڵێت؛” ژێردەستەکان سەرسامن بە داگیرکەرەکانیان و هەمیشە حەزدەکەن لاسایی ئەوان بکەنەوە “.

بۆیە زۆرێک لە بەرپرسە نابەرپرسەکان دەبینین لە عەرەب و کورد خەڵکی هان دەدەن بۆ دژایەتیکردنی ئیسرائیل و خۆشیان خەریکی ژیانی شاهانەن ، برەو بە خوێنڕێژی دەدەن بەناوی شەهادەت و بەهەشت وەک ئەوەی خۆیان حەزیان لێی نەبێت !
شەهادەت بۆ کوڕی خەڵک و شەهادەی بەرز بۆ کوڕی خۆیان ، مردن و بەهەشت بۆ کوڕی خەڵک و ژیان و خۆشیی ئەوروپاش بۆ کوڕەکانی خۆیان ، من نازانم ئەگەر ئەوان هێندە حەزیان لە شەهادەتە بۆچی خۆیان پێشی خەڵک ناکەون ؟

بازرگانانی ئاین دەڵێن ئێمە دڵمان لەگەڵتانە و دوعاتان بۆ دەکەین ، مەگەر کاتی خۆی سەرکردەی کورد سەڵاحەدینی ئەیوبی بە دوعا قودسی ڕزگارکرد ؟ ئەی کوڕەکانی ئەو سەرکردە قارەمانەش لە ئەوروپا دەژیان وەک کوڕەکانی ئێوە ؟

نزیکەی نیو ملیار عەرەب بەرامبەر کەمتر لە ٢٠ ملیۆن یەهودی هەن لە جیهان، ئەگەر عەرەب دڵسۆز و خەمخۆری قودس و فەڵەستین بن باوەڕناکەم دژایەتیکردنی قەوارەی زایۆنی هێندە سەخت بێ ، بەڵام لەبەرئەوەی سەرکردەکانی عەرەب ترسنۆک و ئەڵقەلەگوێن لەترسی ئەمریکای براگەورەیان بە دروشم لەگەڵ فەڵستینن ژێربەژێریش دۆستی ئیسرائیل و ئەمریکان.

ترسنۆکیی و دوڕوییی سەرکردە سەرکزەکانی عەرەب و زۆر وڵاتی تر و تا دەگاتە زۆرێک لە بەرپرسانی کوردیش وایکردوە گەلێک کێشەی چارەنوسساز بۆ دەیان و سەدان ساڵ بەبێ چارەسەر بمێننەوە ، نمونەش زۆرن نزیکترینیشیان دۆزی گەلی کوردە .

هەمیشە دەڵێم دو چین ژیانی میللەتانیان شێواندوە ، بازرگانانی سیاسەت و بازرگانانی ئاین ، جاری واش هەیە هەردوکی پێکەوە کۆدەبنەوە ، کە ئەوەیان ترسناکترە چونکە تێکەڵەی بەنجی موقەدەس و بەنجی نیشتیمانپەروەری زۆر بەهێزە و هۆشیاربونەوە لێیان زۆر سەختە.

تورکیا چوار گوندی ڕۆژئاوای کوردستانی تۆپباران کرد
پێت تورکیا چوار گوندی ڕۆژئاوای کوردستانی تۆپباران کرد
سلێمانی؛ ژمارەی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك کەمیکردووە
دوات سلێمانی؛ ژمارەی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك کەمیکردووە
پەیوەنیدر