جەنگی ئیسڕائیل و فەلەستین جەنگێکی بێ ئەنجام



سەروەر بەرزنجی

بەرەبەیانی ٧ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بزووتنەوەی حەماس ھێرشێکی گەورەو بەرفراوانی مووشەکی کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسڕائیل،ئاژانەسەکان ئاماژەیان بەوەکردووە لەو ھێرشەدا زیاتر لە پێنج ھەزار مووشەکی حەماس ئاراستەی دەوڵەتی ئیسرائیل کردووە،لە ھێرشەکەدا زیانێکی گەورەی مادی و گیانی بەر سوپاو ھاوڵاتیانی ئیسڕائیل کەوتووە،بەجۆرێک زیانەکە بۆتە جێگەی شۆکی گەورەی سووپای ئیسڕائیل،ھەر لەیەکەم ڕۆژی ھێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس،چەندین ئەفسەرو سەربازی دەوڵەتی ئیسڕائیل بەدیلگیراون.

گەڕانەوە بۆ مێژووی ناکۆکییەکانی نێوان ھەردووک لا

ناکۆکییەکانی نێوان ھەردووک لا ڕەگێکی مێژوویی قوڵی ھەیە لە پێکدادانی سەربازی،کە سەرەتای سەرھەڵدانی ئاڵۆزییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٩٧،کە یەکەم کۆنگرەی زایۆنیزمییەکانی تێدا بەستراو بوو بەیەکەم سەرھەڵدانی جەنگی عەرەب جولەکە،بەرە بەرە ناکۆکییەکان زیاتر تەشەنەیانکرد،دووای ئەوەی جولەکەکانی جیھان بەپاڵپشتی وڵاتە زلھێزەکان،بەتایبەت ئەوانەی بەئاشکرا پشتگیری نیشتەجێبوونی جولەکەکانیان دەکرد لەسەرخاکی فەڵەستین.

ھاتنی بەلێشاوی جولەکەکان بۆ فەڵەستین کوشتاری فەڵەستینیەکان و ئاوارەبوونیانی لێکەوتەوە،کە بەرە بەرە وایکرد دەوڵەتێک بەناوی ئیسرائیل بۆ جوەکان درستبوو ئەمەش کاردانەوەی فەڵەستینییەکانی لێکەوتەوەو دەستیانکرد بە شۆڕشی چەکداری دژی ھێنان و نیشتەجێکردنی ئەو ڕێژە زۆرەی جولەکە لەسەر خاکی فەڵەستین،قوربانی زۆر لەو دۆخەی ئەوکاتە کەوتەوە،ھەر بۆیە نەتەوەیەگرتووەکان ناچاربوو بەدەرکردنی ھەردووک بڕیار(١٩٤ و ٢٤٢) بەمەبەستی ھێورکردنەوەو چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان.

لەھەشتاکانی سەدەی نۆزدەیەم حیزبی زایۆنی داوایکرد زەوی بۆ جوەکان تەرخانکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش خاکی فەڵەستینییەکان دیاریکرا کە بە بڕوای جوەکان ئەوان پێشتر خاوەنی زەوییەکان بوون،ئەمەش کاردانەوەی توندی فەڵەستینییەکانی لێکەوتەوە،ئەو بڕیارەی حیزبی زایۆنی جولەکە بەیەکەم ھۆکاری سەرھەڵدانی پێکدادانی ئەو سەردەمەی جوەکان و فەڵەستینییەکان دادەنرێت.

ڕۆڵی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی لەناکۆکییەکانی ھەردووک لا

ئاراستەکردن و ھێنانی جوەکانی جیھان بۆ فەڵەستین ڕوو داوێکی ئاسایی نەبوو،بەڵکو پلانێکی پێشوەختە بوو،کە بەریتانیا ڕۆڵی سەرەکی و گەورەی ھەبوو لەھێنانی جولەکەکان بۆ فەڵەستین،دووای ئەوەی کەسایەتی فەڵەستین عیزەدین قەسام بەدەستی بەریتانییەکان کوژرا ئەمە وایکرد فەڵەستینییەکان بۆماوەی ٣سێ ساڵ دژی بەریتانییەکان بوەستنەوە،
دووای زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخی ئەوکاتی ناوچەکە،نەتەوەیەکگرتووەکان لە(٢٩_١١_١٩٤٧) بڕیاریدا بەدابەشکردنی خاکی فەڵەستین بۆ سێبەشی سەرەکی جولەکەو موسوڵمانان کە تێیدا مەبەستیان فەڵەستینییەکان بوو، بەشی سێیەم ھەردووک شاری قودس و بیت لحم بوون،کە لەژێر چاودێری کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی دەبن،ھەروەھا بەریتانیا ناچارکرا دەست لە ئاشووبە نانەوە ھەڵگرێت لە فەڵەستین، ھەرچەندە بەریتانیا بەھێنان و پشتگیریکردنی جوەکان بۆ فەڵەستین ئامانجەکەی پێکاو بەربەستێکی گەورەی خستە ناوچەکە بەتایبەت بۆ وڵاتانی عەرەبی.

ھەر لەسەردەمی داگیرکاری بەریتانیا جوەکان لەڕێگەی پارتی زایۆنییەوە دەستیانکرد بەڕاوە دوونانی فەڵەستینیەکان بەجۆرێک ڕێژەیەکی زۆریان فەڵەستینیان جێھێشت،کە ئەو ڕێژەیە مەزندە دەکرا بە ٧٥٠ ھەزار کەس
لەو کاتەدا،بەشێکی زۆری ئەوانە ئاوارەی وڵاتەکانی ناوچەکە بوون،یەکێک لەو وڵاتانە ئەردەن بوو کە مافی پەنابەری و ڕەگەزنامەی وڵاتەکەی دایە فەڵەستینییەکان، وەک ھاوڵاتی وڵاتەکەی ھێشتنیەوە.ھەروەھا بەشێکی زۆری وڵاتانی ناوچەکەو جیھانیش کەوتنە قۆستنەوەی ئەو ناکۆکییانە ھەریەکەو پشتگیری لایەکی دەکرد بۆ گەیشتن بەمەرامەکانی خۆیان و مسۆگەرکردنی پێگەو بەرژەوەندییەکانیان لەداھاتووی ناوچەکە،

سەرھەڵدانی پێکدادانەکانی ھەردووک لا

لەبەرواری ٤⁄٩⁄١٩٤٨ ھەردوو ھێزی شترێن و ئێرگەن کە جوەکان پێکیان ھێنابوو ھێرشێکی گەورەیان کردە سەر گوندی دیر یاسین و ژن و مناڵ و پیرو گەنجیان کوشت کە سەرچاوەکان باس لەزیاتر لە ٣٠٠ کەس دەکەن،ئەم کارەش ترسێکی گەورەی خستە ناو دڵی فەڵەستینییەکان و دەستیان کرد بەکۆچکردن،ھەر ئەمەش ئامانجی جوەکان بوو،ساڵی ١٩٤٨ بوو بەساڵی شەڕی نێوان جولەکەو عەرەب،

ھەریەک لە عێراق و ئەردەن و سوریا میسر لوبنان بەیەکەوە سووپایان نارد بۆ فەڵەستین بۆ ڕو بەڕو بوونەوەی ئیسڕائیل بەڵام لەو جەنگەدا شکستی گەورە بەر ئەو وڵاتانە کەوت و ئیسرائیل بوو بەبراوەی سەرەکی جەنگەکەو وایکرد خاکی زیاتریش داگیرکە لە فەڵەستین،
لەو شەڕەدا کەتەنیا ٦شەش ڕۆژی خایاند،بوو بەدەستکەوتیکی گەورە بۆ جولەکەکان،بەجۆرێک ھەردووک بەرەی ڕۆژ ئاوای فەڵەستین و ناوچەی غەزەو سینای میسرو بەرزاییەکانی جۆڵانی لە سوریا دەگیرکرد،ساڵی ١٩٦٧ ئیسڕائیل بڕیاریدا بەبەڕێوەبردنی تاک لایەنەی شاری قودس نەک تەنیا ئەوە بەفەڕمی قودسیانکردە پایتەختی دەوڵەتی ئیسڕائیل،گرژییەکان بەردەوامبوون تا لەساڵی ١٩٧٠ کاتێک مەلیک حسێن جوڵەی بەسووپای ئەردەن کرد،بەبیانووی ئەوەی ھێزە چەکدارەکانی فەڵەستین لەئەردەن بوونە مایەی تێکدانی ئاسایشی ئەردەن بەمەش سەرجەم ھێزە چەکدارەکانی فەڵەستین ڕایانکرد بۆلوبنان،ئەوکارەی مەلیک حسێن لەوکاتە زیانێکی گەورەی لە فەڵەستینییەکان داو خزمەتێکی گەورەشی بە جولەکە کرد،ئەو جۆرە مامەڵەی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی پێگەی ئیسڕائیلی زۆر بەھێزکرد

ساڵی ١٩٨٧خۆپێشاندانەکانی فەڵەستینییەکان بەشێوەیەکی فراوان دەستی پێکرد،ئیسڕائیل بەتوندی ڕوو بەڕوویان بۆوە ژمارەیەکی زۆری مەدەنی کوشت کە لەو ژمارەیە بەشێکی زۆریان منداڵ و گەنج بوون،ئەوکارەش کاردانەوەی نێو دەوڵەتی لێکەوتەوە،ئەوەش یەکەم جاربوو کاردانەوەی لەو جۆرە ڕوودات بیانەوەکەش ئەوەبوو خۆپێشاندەران کەسانی ئاسایی بێچەک بوون،

ھەردووک حیزبی ئیسلامی فەڵەستین کە ناسراون بە بزووتنەوەی جیھادی فەڵەستین و بزووتنەوەی بەرگری جیھادی حەماس،کە ئەوەی یەکەمیان مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە پێش ساڵی ١٩٨٠ بزووتنەوەی حەماس لەگەرمەی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ١٩٨٧ دروستبوو،گرژییەکان بەردەوامبوون تاساڵی ١٩٩٣ لە ئۆسڵۆی پایتەختی نەرویج پەیماننامەیەک بەسترا لە نێوان ئیسڕائیل و ڕێخراوی ئازادی فەڵەستین بەمەبەستی ھێورکردنەوەی گرژییەکان و درووستکردنی ناوچەیەک بۆ فەڵەستینییەکان بەو مەرجەی دان بنێن بە قەوارەی جولەکەکان کەناسراوە بە دەوڵەتی ئیسڕائیل،بەڵام ئەو پەیماننامەش کاتی بوو گرژییەکان کۆتاییان نەھات سەریان ھەڵدایەوە،چونگە فەڵەستینییەکان ئامادەنەبوون دان بە دەوڵەتی جولەکەدا بنێنن.

لەساڵی ٢٠٠٨ گەورەترین ھێرش کرایە سەر فەڵەستینییەکان کە ئەوە گەورەترین ھێرشبوو لەدووای ساڵی
١٩٦٧ بەجۆرێک ژمارەی کوژراوەکان زیاتر لە ١٤٠٠ کەسی تێپەڕاندو سەروی ٦٠٠٠ ھەزارکەس برینداربوون کەنیوەی کوژراو بریندارەکان ئافرەت و منداڵ بوون،
دووای ئەو ھێرشانە فەڵەستینییەکان بەرگرییان کردو پاش شەڕێکی ٢٢ ڕۆژە ئیسرائیل بەتەواوی کشایەوە لە کەرتی غەزەو بزووتنەوەی حەماس بوو بە بەڕێوبەری کەرتی غەزە تا ئەمڕۆ دەسەڵاتی باڵاو کۆتایی بەدەست ئەوانەوەیە،
ھەرچەندە دوواتر ئیسڕائیل گەمارۆیەکی سەختی خستە سەر کەرتی غەزە بەڵام لەوەشدا ھەر سەرکەوتو نەبو پاش ماوەیەک گەمارۆکان ھەڵگیران،لەوکاتەوە تا ئەمڕۆ چەندین جار ھێرشی مووشەکی کردۆتە سەر کەرتی غەزەو چەندین سەرکردەی سەربازی و سیاسی بزووتنەوەی حەماسی کوشتووە.

ساڵی ٢٠١٢ جارێکی تر ھێرشکرایەوە سەر کەرتی غەزە و مووشەک باران کرا و ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە
دووبارە ئیسڕائیل گەمارۆی خستەوە سەر غەزە تەنانەت نەی دەھێشت ھیچ جۆرە دەرمانێکیش بگاتە کەرتی غەزە
ھێرشەکان ماوە ماوە دەوەستان و دەستیان پێدەکردەوە،
ساڵی ٢٠١٤ پاش ئەوەی دوو توندڕەی جولەکە منداڵێکی فەڵەستینی دەگرن بەزیندوویی دەیکوژن و دەیسوتێنن پاش ئەوە بزووتنەوەی حەماس لەکاردانەوەی ئەوە چەندین موشەکی ئاراستەی ئیسڕائیل کردوو ئاڵۆزییەکان تاماوەیەک بەردەوامبوون.

ڕێکەوتنی سەدەو فەشەلھێنانی

ڕێکەوتنی سەدە لەلایەن ئیدارەی تڕامپەوە ئامادەکرا،بەجۆرێک بەچەند پاکیجێک جێبەجێکرێت، قودس وەک پایتەختی ئیسڕائیل دەستنیشانکرا،ئەو پڕۆژەیە پڕۆژەی ئیدارەی تڕامپ بوو بۆ ڕێکخستنەوەی چەندین بابەتی پەیوەست بە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست کە کێشەی فەڵەستین و ئیسڕائیل لە پێشینەیان بوو،بەپێی ڕەشنووسی پڕۆژەکە خاکی ئیسڕائیل لەوەی ھەیە فراوانتر دەکرا،ھەر لەناو پڕۆژەکە ئاماژە بەتەرخانکردنی بڕی ٣٠ ملیار دۆلار کرابوو بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەزەو سەرجەم ئەو ناوچانەی فەڵەستینییەکانی تێدا دەژیان،بەڵام بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە تاکە مەرج ئەوەبوو سەرجەم ھێزە چەکدارەکانی فەڵەستین چەک دانێن،لەبری ئەوە ھێزێکی پۆلیس بۆ پاراستنی ناوچەکانی فەڵەستین دادە مەزرێنن،بەڵام ھەرزوو ئەوە لەلایەن حەماس و چین ڕەتکرایەوەو چین بەتوندی دژایەتی ئەو پڕۆژەی کرد،بۆیە دوواجار جگە لەناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسڕائیل ھیچی لێ سەوز نەبوو،کەلەوەشدا تەنیا جولەکەکان سوود مەندبوون،ھەرچەندە تا ئێستا فەڵەستینییەکان دانیان بەوەدا نەناوە قودس پایتەختی جولەکە بێت.

گرژییەکانی ٧ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بەرەو کوێ؟

بە خوێندنەوەو باسکردنی کورتەیەک لە مێژووی ناکۆکییەکانی ئیسڕائیل و فەڵەستین دەگەینە ئەو ئەنجامەی بەھەمان شێوەی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆر لەھاوڵاتی ئاسایی ھەردووک لا دەبنە قوربانی وزیانێکی گەورەی مادیش بەر ھەردووک لا دەکەوێت،ھەروەک چۆن لەڕابردوو ئەنجامی شەڕەکان تەنیا زیانی لێکەوتۆتەوە ئاشتی بەدینەھاتووە بەھەمان شێوە گرژییەکانی ئەوجارەش دەرەنجامەکەی پاش شەڕێکی سەخت و زیانێکی گەورەی مادی و گیانی بەبێ ھیچ ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە کۆتایی دێت،ئەوەی ڕوو دەدات درێژەی دەبێت لە وێزگەکانی داھاتووی پەیوەست بەناوچەکە بەجۆرێکی تر گرژییەکان سەرھەڵدەدەنەوە،
ئەوەی ئەو جارە وەک ڕووداوێکی جیاواز میدیاکان و شڕۆڤەکارانی سیاسی باسی دەکەن،ئەوەیە چۆن دەزگای ھەوڵگری موساد بەو پلانەی نەزانیوە،ئەوە چەندین خوێندنەوەی بۆ دەکرێت،گوومان لەوەدانییە پلانەکە لای موساد زانراوە بەڵام لەوەیە پێشبینی قەبارەی ھێرشەکەیان بەو ڕادەییە نەکردبێت ،بەڵام ئیسڕائیل چۆن ھەمووجارێک دەستکەوتی زیاتربووە لەزیان ئەو جارەش ھەمان پلانی ھەیە،بەوەی پێشڕەوی زیاتر بکەو خاکی زیاتر داگیرکە،

قەبارەی ھێرشەکانی حەماس ئەوجارە زۆر گەورەترە لەجارانی پێشوو،ڕێژەیەکی زۆر مووشەکی لەبەر دەستە کەل و پەلی سەربازی زۆری لەبەردەستە،کەئەوە بۆتە جێگەی تێڕامانی تەواوی شیکەرەوانی سیاسی و سەربازی چۆن و بەکام ڕێگا ئەو ھەموو مووشەکە خراوەتە بەردەستی حەماس،کەمیدیاکان باسی ئەوەدەکەن تەنیا لەیەک ڕۆژی ھێرشەکەی حەماس زیاتر لە ٥ پێنج ھەزار موشەکی پێشکەوتوو ئاراستەی ئیسڕائیل کراوەو زیانێکی زۆرگەورەی گیانی و مادی لێداون،جگە لەوە لە سێ ڕۆژی ھێرشەکەدا حەماس ژمارەیەکی زۆر زیاتر مووشەکەی ئاراستەی خاکی ئیسڕائیل و سووپای ئیسڕائیل کردووە، بێگوومان ھاوکارییەکی گەورەی نێودەوڵەتی پێشکەشی حەماس کراوە،بەڵگەی ئەوەش ئەوەیە سەرۆکی کۆریای باکور بەفەڕمی پشتگیری خۆی بۆ فەڵەستین دەربڕی،کەئەوە جێگەی تێڕامانەو لەپێناو چی و لەبەرامبەر چی وڵاتێکی دیکتاتۆرو دژە ئیسلام بەو شێوازە پشتگیری فەڵەستین دەکات،ھۆکاری سەرەکی ئەوەیە بەرەی دژی ئەمەریکا ئەو جارە بە ھەموو توانایەکیان پشتگیری فەڵەستین دەکەن لەنموونەی کۆریای باکورو ئێران وەک دوو نەیاری سەرەکی ئەمەریکا لەجیھان.

ئەوەلایەکی تر ڕوسیا ھەرچەندە بەفەڕمی پشتیوانی ھیچ یەکێک لەو دوولایەنەی نەکردووە،بەڵام ھەرگیز ڕوسیا ناچێتە بەرەی ئەمەریکا کە پشتیوانی سەرەکی ئیسڕائیلە ئەمەریکا کەشتی گەلی گەورەی جەنگی وڵاتەکەی بەرەو ئاراستەی ناوچە بۆ پشتگیری ئیسڕائیل ناردووە بەژمارەیەکی زۆر سەربازو فڕۆکەی جەنگی،کە ئەگەر بێتوو دۆخەکە کۆنتڕۆڵنەکرێت ئەگەری تەشەنەکردن و گەورەبوونی جەنگەکەی لێدەکرێت لانی کەم لەناو ئیسڕائیل و فەڵەستین و وڵاتانی دراوسێیان لەنموونەی سوریا
کەئێستا ئاڵۆزی گەورەی تێدایە،کە لای ھەمووان ڕوونە ناکۆکی قوڵ لەنێوان حکومەتی بەشار ئەسەدو ئیسڕائیلدا ھەبووە،حکومەتی ئێستای سوریا بەپاڵپشتی ڕوسیا ماوەتەوە بۆیە تەشەنەکردنی ئەو شەڕە بۆ وڵاتێکی وەک سوریا دۆخی ناوچەکە یەک پارچە دەکاتە ئاگرو ئاڵۆزی گەورە،کە ئەمەریکاو ڕوسیاو ئێران لە سوریاش بەرامبەر یەکن و ھەمیشە ئەگەری سەرھەڵدانی پێکدادانی سەربازی لەنێوانیاندا دەکرێت.

ڕوسیا کە لەئۆکڕانیا لەشەڕێکی قوڕسدایە لەگەڵ ئەو وڵاتە ئەمەریکاو ھاوپەیمانەکانی ھاوکاری سەرەکی ئۆکڕانیان بۆیە ئەگەر ئاڵۆزی فەڵەستین و ئیسڕائیل درێژە بکێشێت ئەمەریکا ناچار دەبێت،کە ھاوکاری سەربازی و مادی پێشکەشی ئیسڕائیل بکە،ئەوەش بۆ ئەمەریکا بارگرانییەکی گەورەی تر دەبێت،ڕوسیا چاوی لەوەیە بەماندووکردنی ئەمەریکاو ھاوپەیمانەکانی تەرکیزیان لەسەر ئۆکڕانیا کەم کرێتەوە و پێشڕەوی زیاتر بکە،ئەگەر ڕوسیا لەبەر چاوی میدیاکان پشتگیری ئیسڕائیلیش بکە تەنیا بۆ یاریکردنە بە سایکۆلۆژی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و لەپشتی ئەوە ڕوسیا کار بۆ ماندوو کردنی ئەمەریکاو ھاو پەیمانەکانی دەکە.

ھەڵوێستی کۆمکاری عەرەبی زۆر لاوازو شەرمنانەیە

وەک ڕابردوو بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی پشتگیری فەڵەستین دەکەن و بەشێکیان بەھۆی پەیوەندی بەھێزیان لەگەڵ ئیسڕائیل بێدەنگیان ھەڵبژاردووە،لەنموونەی سعودیە کەتا ئامادەکردنی ئەو بابەتەمان ھیچ لێدوانێکیان نەداوە دژی ئیسڕائیل و پشتگیریکردنی فەڵەستین،تەنانەت ھیچ ناڕەزاییەک لەشەقامی سعوودی نییە کە قیبلەی موسوڵمانانی لێیە.

ئاڵۆزییەکان زۆر بەخێرایی تەشەنەیان کرد،کوشتارێکی زۆر کراوەو ئیسڕائیل ھەڕەشەی گەورەی کردووە بەوەی غەزە وێران دەکەو تەنانەت ئابڵوقەی توندی دەخاتە سەر،لە ھەمان کات ئێران و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی بەشەرمنانە باس لەھاوکاری حەماس دەکەن دژی جولەکە،بۆیە ھەموو ئەگەرەکان کراوەن،لە ھەموو بارودۆخەکان زەرەر مەندی سەرەکی ھاوڵاتیانی ئاسایی ھەردوو لای شەڕکەرن، ئەگەر دەستێوەردانی وڵاتان بەردەوام بێت کەئەوەی ھەیە زۆر بەڕوونی دیارە ھەر جەمسەرەو پشتگیری لایەک دەکە ئەگەری تەشەنەکردنی جەنگەکە بۆ دەرەوەی ئیسڕائیل و فەڵەستین دەکرێت و خەڵکی بێتوان دەکرێنە قوربانی بەرژەوەندییەکانی زلھێزەکان،تا ئەوکاتە ئیسڕائیل بە ھەموو شێوەک ئاگر بەست ڕەتدەکاتەوە،کەس ئامادەی دانوستان و ئاشتی نییە،حەماس ئەو جەنگەی بەخواستی دەرەوەی فەڵەستینییەکان ھەڵگیرساندو بەخواستی وانیش کۆتایی دێت،ئایە کەی ئەوە ڕوو دەدات ئەوە پرسیارێکە پەیوەستە بە زلھێزەکانەوە.

کەشناسی: ئەمشەو باران و هەورە تریشقە دەبێت و مەودای بینینیش کەمدەبێتەوە
پێت کەشناسی: ئەمشەو باران و هەورە تریشقە دەبێت و مەودای بینینیش کەمدەبێتەوە
قوباد تاڵەبانی: کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت
دوات قوباد تاڵەبانی: کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت
پەیوەندیدار