نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، بەرەوپێشچوونی ئەرێنی هەیە لە دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دەشڵێت: “عێراق هەوڵی تەواوی داوە بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی سنوورەكانی”.
جنین هینس پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە وتارەكەیدا وتی، “حكومەتەكەی محەمەد شساع سودانی هەنگاوی گرنگی ناوە و دەستپێشخەری كردووە لەماوەی ساڵێكی پێكهێنانیدا، چونكە هەنگاوی گرنگی ناوە بۆ چاكسازی لە كەرتی دارایی و بانكی”.
ڕاشیگەیاندووە، پێشكەوتنی ئەرێنی هەیە سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و پێویستە مووچەی فەرمانبەران لە ململانێ سیاسییەكان دووربخرێتەوە.
وتیشی، “هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان زۆر دواكەوتووە لە كاتی خۆی و دەیانەوێت پڕۆسەی دیموكراتی لە هەرێم سەركەوتووبێت”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، حكومەتی عێراق هەنگاوی ناوە لە بودجەدا و ڕێگەی بە زیادكردنی وەبەرهێنان لە كەرتی تایبەت داوە.
سەبارەت بە ئێران و توركیا، پلاسخارت وتویەتی، “حكومەتی عێراق هەوڵی تەواوی داوە بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی سنوورەكانی و پێشوازی لە هەوڵەكانیشی دەكەین سەبارەت بە لیژنە دووقۆڵییەكانی نێوان عێراق و توركیا”.