سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەبێت مووچەخۆرانی ھەرێمیش وەک فەرمانبەرانی عێراق لە کاتی خۆیدا مووچە وەربگرن.
ئەمڕۆ سێ شەممە 10ـی ئۆکتۆبەر، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا ئاڵوگۆڕ کرا.
بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێم، “باس لە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا و جەخت لە چارەسەرکردنی بنەڕەتیی گشت کێشەکان بە تایبەتی بابەتی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور و یاسای بودجەدا کرایەوە، بە شێوەیەک کە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش وەک سەرجەم مووچەخۆرانی عێراق، مانگانە بەبێ هیچ کێشەیەک و بە شێوەیەکی ئاسایی مووچەکانیان وەربگرن”.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پێویستیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا کرا.