سەرۆککۆمار ستایشی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی عێراق و ئێران دەکات و هیواخوازیشیە کە ڕێککەوتنێکی ئەمنیی لەگەڵ تورکیاش واژۆ بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، د. لەتیف ڕەشید سەرۆککۆمار لە کۆشی بەغدا پێشوازی لە قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق کرد و باسیان لە دوایین گۆڕانکارییە سیاسیی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە کرد.
سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا د. لەتیف ڕەشید ستایشی ڕێککەوتنە ئەمنییە هاوبەشەکەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و جەختی لە گرنگیی ڕێککەوتنەکە بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیریی کردەوە.
هاوکات سەرۆک کۆمار هیوای خواست ڕێککەوتنێکی ئەمنیی هاوبەش لەگەڵ تورکیاش واژۆ بکرێت و سنوورێك بۆ ئەو پێشێلکارییانە دابنرێت کە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دروست دەکات.
هەر لەو دیدارەدا قاسم ئەعرەجی بە وردی پلانی ئێستا و داهاتووی ڕاوێژکارێتی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ سەرۆكکۆمار خستەڕوو و جەختیکردەوە لەوەی هەموو هەوڵەکانیان بۆ سەقامگیریی ناوخۆیی عێراق دەخەنەگەڕ.