سەرەڕای بڕیار و بەڵێنەكانی بانكی ناوەندی بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، بەڵام بەهای ئەو دراوە ئەمریكییە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و هەر 100 دۆلارێك بەهاكەی 160 هەزار دیناری تێپەڕاند.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، نرخی دۆلار بەردەوام لە بەرزی و نزمیدایە و جۆرێك لە ناجێگیری لە بازاڕدا دروست كردووە.
ڕاشیگەیاند، “دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ جارێكی دیكە بەهای دۆلار بەرزبووەوە و ئێستا 100 دۆلار بە 160 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت” لەكاتێكدا دوێنێ بە 159 هەزار دینار بوو.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە بانكی ناوەندی بڕیاری قەدەغە كردنی مامەڵەی بە دۆلار دەركردووە و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی كەم كردنەوەی ناردنی دۆلار لەلایەن ئەمریكاوە، بەردەوام بەهای ئەو دراوە لە بەرزبوونەوەدایە و وەك هەندێك لە مامەڵەكارانی دۆلار ئاماژەی پێ دەكەن، “ڕەنگە نرخەكەی بگاتە 170 هەزار دینار”.