كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆتایی هات و ناوی بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی یەكلایی كرایەوە.
دوابەدوای كۆتایی هاتنی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی، كە پێكهاتوون لە 60 ئەندام بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، یەكەم كۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی ئەنجامدا.
بەپێی زانیارییە میدیاییەكانی نزیك لەو حزبە، “لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی هەڵبژێردران”، بەڵام یەكێتی تا ئێستا بە فەرمی ڕاینەگەیاندووە.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی ههریهك له (قوباد تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ، شێخ ئەحمەدی نۆکان، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئاسۆ مامەند، ڕێواز فایق و سەرکەوت زەکی) بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی هەڵبژێردران.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بۆ میدیاكانی یەكێتی ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەركرایەتی دەوروتەسلیم كردنی دۆكیومێنتەكانی كۆنگرە بوو بە سەرۆك و ئەندامانی سەركردایەتی و هەروەها لیژنەیەك پێكهێنرا بۆ پێداچوونەوە بە لایەنی زمانەوانی پەیڕەوی ناوخۆ بەبێ دەستكاری ناوەڕۆك.
وتیشی، “ڕەنگە لە كۆبوونەوەكانی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی ئەركەكان و هەڵبژاردنی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بكرێت، بەڵام ئەوە نازانم كەی دەبێت”.