دانا عەبدولکەریم: هەوڵی دابینکردنی مووچەی هەموو مانگەکان دەدرێت



دانا عه‌بدولكه‌ریم، وەزیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگه‌یاند، لە كۆبونه‌وه‌ی هه‌فته‌ی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران باسی ڕێکارەکانی وەرگرتنی مووچەی مانگانەی فه‌رمانبه‌ران دەکرێت، چونكه‌ به‌رنامه‌ی ئه‌م كابینه‌یه‌ کە  مووچه‌ی هه‌مو مانگه‌كان بدرێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، دانا عه‌بدولكه‌ریم ڕایگەیاند، ” ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌فته‌ی داهاتوو كۆده‌بێته‌وه‌، تێیدا باسی ڕێکارەکانی وەرگرتنی مووچەی سەرجەم مانگەکانی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان دەکرێت تاوه‌كو كۆتایی ئه‌مساڵ بتوانن مووچه‌كانیان وه‌ربگرن، چونكه‌ به‌رنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م بەشێوازێکە كه‌ هه‌وڵبده‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌رزه‌ی كه‌ له‌ حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌ بۆ مانگه‌كانی ٩، ١٠ و ١١ دێت، بتوانین موچه‌ی مانگه‌كانی ٧، ٨ و ١٢ ش دابینبكه‌ین”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، حكومه‌تی عێراق به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی له‌ موچه‌ی مانگه‌كانی ٧ و ٨ی ئه‌مساڵی فه‌رمانبه‌ران نه‌كردووه‌، هاوکات بڕی ٧٠٠ ملیار قەرزەکەی هەرێم ڕێكارێكی كاتییه‌.

دانا عه‌بدولكه‌ریم وتیشی، “قۆناغی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌دوای مانگی ١٠ بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان خه‌رج ده‌كرێت به‌وه‌ش قەبارەی ئینفاقی فیعلی به‌رزده‌بێته‌وه‌ كه‌ ٪١٢.٦٧و به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێم ده‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ پێویست ناكات چیتر قه‌رز بكه‌ین”.

وەزیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن باسی لەوەکرد، “بڕیاردراوه‌ لیژنه‌یه‌ك له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدڕاڵی دروستبكرێت بۆ ئه‌وه‌ی كاربكرێت بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ساڵانی ئایندە بابه‌تی مووچه‌ی فەرمانبەران تێكه‌ڵاو به‌ بابه‌ته‌كانی دیكه‌ نه‌كرێت كه‌ گفتوگۆ و ڕای جیاوازیان له‌سه‌ره‌ له‌نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا”.

“بە توندی هێرشەکانی ئیسرائیل ئیدانە دەکەم و لە بۆردومانەکانی تورکیاش نیگەرانم”
پێت “بە توندی هێرشەکانی ئیسرائیل ئیدانە دەکەم و لە بۆردومانەکانی تورکیاش نیگەرانم”
بایدن جەختیکردەوە لە هاوکاریکردنی ئیسرائیل
دوات بایدن جەختیکردەوە لە هاوکاریکردنی ئیسرائیل
پەیوەنیدر