حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشكرای دەكات، لە ناوەوە و دەرەوە بازاڕ بۆ بەرهەمی جوتیاران دەدۆزینەوە و 25 تۆن دۆشاوی تەماتەی هەریر ڕەوانەی ئەمریكا دەكەن.
ئەمڕۆ شەممە (7ی 10ی 2023) فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، “لە ناوەوە و دەرەوە بازاڕ بۆ بەرهەمی جووتیاران دەدۆزینەوە؛ بۆ یەکەمجار 25 تۆن دۆشاوی تەماتەی هەریر هەناردەی ئەمەریکا کرا”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانی جۆراو جۆر كردنی سەرچاوەكانی داهاتی ڕاگەیاندووە و بڕیاری داوە بەشێك لە بەرهەمی جوتیاران ڕەوانەی بازاڕەكانی دەرەوە بكات.
لە مانگی ئاب-ی ڕابردوودا، یەکەم کاروانی پەتاتەی هەرێمی کوردستان گەیشتە بازاڕەکانی کەنداو و بووە جێی سەرنجی زنجیرە چێشتخانە جیهانییەکان بەتایبەتی (ماکدۆناڵدز، کەی ئێف سی و هاردیز) و داوایان کرد هەفتانە 500 بۆ هەزار تۆن پەتاتەی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانیان بۆ دابینبکرێت.
لە ساڵی ڕابردووشدا بە فەرمی دوو هەزار تۆن هەنار هەناردەی بازاڕەکانی ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو کرا و بۆ ئەمساڵ و ساڵانی داهاتووش جگە لە هەنار هەریەکە لە بەرهەمەکانی ترێ، هەنگوین، سێو بۆ بازاڕەکانی ئیمارات، سعوودیە، بەحرێن، بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا هەناردە دەکرێت.
هەر ئەمساڵیش برنجی کوردی ئاكرێ و تەحینی کونجیی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی دهۆك ڕەوانەی بازاڕەكانی دەرەوە كرا.