سەرکردایەتی نوێی یەکێتی، مەکتەبی سیاسی هەڵدەبژێردرێت



بڕیارە سبەی یەکشەممە ئەنجومەنی سەرکردایەتی نوێی یەکێتی کۆببێتەوە و مەکتەبی سیاسی حزبەکە هەڵبژێردرێت.

لە دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی سەرکردایەتی نوێی حزبەکەیە ئەنجام بدرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان بڕیارە ژمارەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەنێوان ١٢ ئەندام بۆ ١٤ ئەندام بێت.

ڕۆژی ٢٧ی ئەیلولی ڕابردوو، کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە بەشداری ٦٠٠ ئەندام و ژمارەیەک لە سەرکردە و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان لە سلێمانی دەسیپێکرد، لە ڕۆژی یەکەمی کۆنگرەدا بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکی یەکێتی هەڵبژێردرا، دوای پێنج ڕۆژ ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی هەڵبژێردران کە ژمارەیان ٦٠ ئەندامە و بە سەرۆکی حزبەکەوە ژمارەیان دەبێتە ٦١ ئەندامی سەرکردایەتی.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ١ی کانوونی دووەمی ١٩٧٥دا دامەزراوە، لە سێ کۆنگرەدا مام جەلال تاڵەبانی بە سکرتێری حزبەکە هەڵبژێردراوە، لە دوای کۆچی دوای مام جەلال، لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی کە لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩دا بەسترا بەشێک لە پەیکەری ڕێکخستنی حزبەکەی گۆڕا و بۆ یەکەمجار سیستەمی هاوسەرۆکی لەناو حزبەکە داهێنرا، بەڵام ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئەو حزبە، ڕووداوەکانی هەشتی تەمموزی ٢٠٢١ی بەدوای خۆیدا هێنا و بە بڕیارێک لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو حزبە دوورخرانەوە.

ماوەی لێخۆشبوونی کرێی کارەبا کۆتای دێت
پێشت ماوەی لێخۆشبوونی کرێی کارەبا کۆتای دێت
بوومەلەرزە تورکیا و ئەفغانستانی هەژاند
دواتر بوومەلەرزە تورکیا و ئەفغانستانی هەژاند
ەیوەندیدار