بازرگانی عێراق: “شایستەی جووتیاران خەرج دەکرێت”



وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، ئەم هەفتەیە ٧٧٠ ملیار دیناری شایستەی جووتیارانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە خەرج دەکرێت.

موسەننا جەبار، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، “ئەم هەفتەیە ٧٧٠ ملیار دیناری شایستەی دارایی جووتیارانی عێراق بە هەرێمی کورستانیشەوە خەرج دەکرێت کە دوایین بەشی شایستەی جووتیارانی سەرجەم پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان دەبێت”.

ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بە چەند گوژمەیەک پارەی گەنمی جووتیارانی خەرجکردووە؛ دوایین گوژمەش لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو بوو کە بڕەکە ٦٨٠ ملیار دینار بوو.

بە وتەی نەوزاد کامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان، لەو ٦٨٠ ملیار دینارە ١٠٧ ملیاری بۆ هەرێمی کوردستان بووە و دابەشکردنی پارەکەش بەسەر پارێزگاکاندا بەمجۆرەبووە، ٥٠ ملیار دینار بۆ سلێمانی، ٣٢ ملیار دینار بۆ هەولێر و ٢٥ ملیار دیناری بۆ دهۆک.”

لە وەرزی دروێنەی ئەم ساڵدا پێنج ملیۆن و ٢٠٠ هەزار تۆن گەنم ڕادەستکرا، لەکاتێکدا پێشتر وەزارەتی بازرگانی عێراق پلانی وەرگرتنی چوار ملیۆن تۆن گەنمی هەبوو.

جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ ٥٠٠ هەزار تۆن گەنمیان بە بەهای ٤٠٠ ملیار و ٢٤ ملیۆن و ٦٩ هەزار دینار ڕادەستی سایلۆکان کرد. ئەوەش لەکاتێکدایە ساڵی پار بەهۆی وشكەساڵی و کەمیی باران بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێ سنوور گەنمی وەرگرت.

ئەم ساڵ بەرهەم زۆر بوو، بۆیە حکومەتی عێراق وەرگرتنی گەنمی لە هەرێمی کوردستان سنووردار کرد و تەنها ٥٠٠ هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت.

هۆکارەکانی زەردبوونی ددانەکان لە منداڵدا
پێت هۆکارەکانی زەردبوونی ددانەکان لە منداڵدا
زیاتر لە ١٠٠ مووشەک ئاڕاستەی ئیسرائیل کرا
دوات زیاتر لە ١٠٠ مووشەک ئاڕاستەی ئیسرائیل کرا
پەیوەنیدر